رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا ئەو هاووڵاتییانەی لە ئوردن، تورکیا و کوێت گیریان خواردووە، بگەڕێنێتەوە. باڵیۆزخانەی عێراقیش لە تورکیا بۆ ئەو مەبەستە دوو ژمارە تەلەفۆن بڵاودەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە وەزارەتی گواستنەوە کرد هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئوردن، کوێت و تورکیا بکات بۆ ئەوەی بەپەلە هاووڵاتییانی گیرخواردوو بگەڕێنێتەوە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، گەشتیاران بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراقەوە لە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە گیریانخوارد.
دەستەی حەج و عەمرەی عێراقیش بە هاوئاهەنگی وەزارەتی گواستنەوە دەستی بە گەڕاندنەوەی ئەو حاجییە عێراقییانە کردووە لە سعودیەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی دەستەی حەج و عەمرەی کرد کە هەموو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی حاجییان.
دوای ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە بڵاویکردەوە، ژمارەی تایبەت تەرخان کراوە بۆ هاوئاهەنگی تایبەت بە گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە تورکیا گیریانخواردووە.
گەڕانەوەکە لە رێگەی وشکانییەوە دەبێ و داوا لە هاووڵاتییان کراوە پەیوەندی بە ژمارەکانەوە بکەن:
+905354348027
+905077730001
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ