خەزعەلی لە عامری جیابووەوە

14-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری بە ناوی هاوپەیمانی نەبنی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات. بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقیش بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی خۆی لە عامری جیاکردووەتەوە و بە تەنیا بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا دەکات.
 
سالم عەنبەکی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری رۆژی دووشەممە، 14-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عەسائیبی ئەهلی حەق بڕیاریدا لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نەکات".
 
سالم عەنبەکی، کە نوێنەری پارێزگای دیالە لە پەرلەمانی عێراق گوتی "عەسائیبی ئەهلی حەق بڕیاریداوە بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بکات، لەکاتێکدا ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین لە هەموو پارێزگاکاندا بە یەک لیست بەشداریی بکەین".
 
هاوکات، راشیگەیاند، هاوپەیمانیی فەتح لە هەر 15 پارێزگاکەی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەناوی "هاوپەیمانی نەبنی" بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات.
 
لە دوو هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا رێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق و زۆربەی گروپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی بە نێو هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە. 
 
بڕیارە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە