شەش لایەنی سیاسیی سوننە لەسەر بەربژێرێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێککەوتن

14-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەش لایەنی سیاسیی سوننە رایانگەیاند، رێککەوتوون لەسەر بەربژێرکردنی کەسێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پێشکێشی لایەنە سیاسییەکانی دەکەن. ناوی بەربژێرەکەشیان ئاشکرا نەکردووە.
 
رۆژی 15-11-2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندبن." بەهۆی ناکۆکیی نێو ماڵی سوننەکانەوە تاوەکو ئێستا ئەو پۆستە، کە پشکی سوننەکانە، بە بەتاڵی ماوەتەوە.
 
هەریەک لە پارتی تەقەدووم، پارتی جەماوەریی نیشتمانی، فراکسیۆنی سەدارە، پرۆژەی نیشتمانیی عێراقی و فراکسیۆنی موبادەرە، ئێوارەی سێشەممە 13-08-2024 راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، "دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییە نیشتمانییەکان، ئەم هێزە سیاسییانە، کە نوێنەرایەتیی پێکهاتەی سوننە دەکەن و 55 پەرلەمانتارن، کەسێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر دەکەن و پێشکێشی کوتلە سیاسییە نیشتمانییەکانی دەکەن، بۆئەوەی پشتیوانیی ئەو بەربژێرە بکەن و رەزامەندیی نیشتمانی بەدەستبهێنێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شایستەیە."
 
ئەو شەش لایەنە سوننە داوا دەکەن، "کار بکرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست و کردنەوەی دەرگای بەربژێربوون، سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان هەڵبژێردرێت، کە بەرکەوتەی روون و رەهای سوننەیە."
 
ئەوەش وەکو خۆیان باسی دەکەن، "بۆ تەواوکردنی ئەو ماوەیە کە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ماوە، لەگەڵ ئەنجامدانی ئەرکی دەستووری و تەواوکردنی کارنامەی سیاسی، کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، لەوانەش دەرکردنی ئەو یاسایانەی خزمەتی گەل دەکەن و بەرنامەی حکومەت لەڕووی یاسادانانەوە بەدی بهێنێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە