ئەندامێکی لیژنەی دارایی: سەردانەکەی یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی جووڵەی پارەیە

14-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، سەردانەکەی ئێلیزابێس رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عێراق، بەدواداچوونە بۆ رێکارەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی داواکارییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، تایبەت بە حەواڵەی دەرەکی و سپیکردنەوەی پارە.
 
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانەکەی یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدواداچوونە بۆ رێکارەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی داواکارییەکانی گەنجینەی ئەمریکا تایبەت بە حەواڵەی دەرەکی و سپیکردنەوەی پارە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەو کارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە ئەرێنی ناو دەبات و دەڵێت، حکومەتی عێراق داواکارییەکانی بانکی فیدراڵی و گەنجینەی ئەمریکای بەجێگەیاندووە لەبارەی حەواڵەی دەرەکی تاوەکو کۆنترۆڵی بازاڕ بکات، رێگری لە یاریکردن بە نرخەکان بکرێت، هەڵبەزین و دابەزینی پێ نەکرێت و کاریگەری نەکاتە سەر بازاڕ.
 
گەرعاوی جەخت لەوە دەکاتەوە، سەردانەکە بۆ بەدواداچوون و کۆنترۆڵکردنی جووڵەی پارە و میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنیەتی، لەوانەش سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی بازرگانیی نافەرمی.
 
هەروەها گوتیشی، "لەڕووی ئابوورییەوە ئەو دۆلارەی عێراق هەیەتی، سەرچاوەکەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکایە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، سیستمێکی بازرگانیی یەکگرتووە هەیە و پێویستە هەمووان پێوەی پابەند بن، رێزی بگرن و بەشێک بین لێی، ئەمەش پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە نەک دەستوەردانی سیاسی."
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 12-09-2023 ئێلیزابێس رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە بەغدا.
 
پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 13-09-2023  لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. تاوتوێی هاوئاهەنگی و هاوبەشیی نێوان دامەزراوە داراییەکان لە عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کرا، لەگەڵ رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکان بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانییەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی ئاماژەی بەوە داوە کە حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی کارە لە پێشینەکانی لە چاکسازی لە کەرتی بانکیدا کە بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی ئابووری لە رێگەی پشتبەستن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە.
 
سوودانی گوتیشی، "ئەم چاکسازییانە بە شێوەیەکی بەرچاو بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی سپیکردنەوەی پارە، چارەسەرکردنی بازرگانی گوماناویی و سنووردارکردنی گەندەڵی. هەروەها حکومەت هەنگاوی گەورەی ناوە لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی لە دامەزراوە داراییەکاندا لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا."
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رۆزنبێرگ ستایشی هەنگاوە گەورەکانی حکومەتی عێراقی کرد لە بواری چاکسازیی دارایی و بانکیدا کە یارمەتیی عێراق دەدات بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری و بەهێزکردنی بەرنامە و پلانەکانی لە بواری پەرەپێدانی بەردەوامدا.
 
پێش سوودانی، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کۆبووەوە. تێیدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندیی دووقۆڵی و رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە بواری سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی گەنجینەی ئەمریکا و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەهێزکردنی شەفافیەت و پاک و بێگەردی و جێبەجێکردنی رێنوێنییە نێودەوڵەتییەکان لە سیستمی بانکیی عێراقدا.
 
بەپێی راگەیێندراوی بانکی ناوەندیی عێراق، هەر لە کۆبوونەوەلەدا هەردوولا بەدواداچوون و ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی رابردووی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق لەلایەک و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لەلایەکی دیکەیان تاوتوێ کرد، لەگەڵ توانای پێشکێشکردنی پشتیوانیی تەکنیکی لە بواری پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی لە رێگەی کەناڵەکانی بانکە رەسەنەکان و میکانیزمی پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی بە شێوەیەکی رەوا و دروست بە دراوە جیاوازەکانی وەکو (یۆرۆ، یوانی چینی و درهەمی ئیماراتی)، هەروەها رێکخستنی جووڵەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە