رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "نەتەوەی کورد هەموو مافێکی هەیە دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنێت. بۆچی ئەرمەن دەوڵەتیان هەیە و چەرکەس دەوڵەتیان هەیە و هەموو پێکهاتەکانی دیکە دەوڵەتیان هەیە، تەنیا کورد نەبێت؟ مافێکی راستەقینەیانە دەوڵەتیان هەبێت."
سەبارەت بە پێکهاتەی عێراقیش دەڵێت، بە راشکاوی شەرم دەکەم بڵێم دەوڵەتی عێراق! چونکە هیچ دامەزراوەیەک کۆی گشتیی دەوڵەت پێک ناهێنێت. پشکپشکێنە هەیە، دەسەڵاتێک هەیە کە لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی دابەشی دەکەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025، کۆنفرانسی چاودێریی دیموکراسی، لە بەغدا بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو. لە پانێڵی یەکەمدا عیزەت شابەندەر، سیاسەتڤانی ناسراوی عێراق و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک سیاسەتڤانی عێراق و کورد قسەی کرد و بۆچوونی خۆی لەبارەی دۆخی دیموکراسی لە عێراق خستەڕوو.
دیموکراسییەتی عێراق و بەسەرهاتەکان
عیزەت شابەندەر رایگەیاند: هیچ حیزبێک نییە بتوانێت دژی دیموکراسی بێت، چونکە باوەڕبوون بە چەمکێک جیاوازە لە جێبەجێکردنی بە کردەیی. هەموو حیزبە سیاسییەکانی عێراق باوەڕیان بە دیموکراسی هێناوە و هەوڵیان بۆ داوە و پێیانوایە و دەریدەخەن کە کاری دیموکراسی دەکەن. بە بڕوای من و زیادەڕەوی لە گەشبینیمدا ناکەم، دوای رژێمێکی زۆر تاریک و گشتگیر، دیموکراسی بە یەکجار بۆ کۆمەڵگەی عێراقی هات. رژێمی سەدام دەستێوەردانی دەکرد تەنانەت لە ماڵەکانیشماندا و رێگەی لێدەگرتین لە ماڵەوە بیربکەینەوە.
شابەندەر نموونەیەک دەهێنێتەوە کە بەسەر خۆیدا هاتووە و دەڵێ، "ساڵێکیان کە لەبەر رژێمی سەدام خۆم شاردبووەوە و هەندێکجار سەردانی برادەرێکی کوردی ئۆپۆزیسیۆنم دەکرد. دەمبینی کچە 4 ساڵانەکەی ماوە ماوە دەهات. پێی دەگوت 'بابە بڕۆ سەیری مامە سەدام بکە' کە ماوە ماوە لە تەلەڤیزیۆن دەردەکەوت. بینیم 3-4 جار لە ماڵەوە زیادەڕەوی لە ستایشکردنی سەدامدا دەکرد لەگەڵ کچەکەیدا. پێمگوت، 'تۆ گۆڕاویت و من ئاگام لێ نییە؟' پێیگوتم 'تکایە، ئەوەی روویداوە ئەوەیە کە لە یەکێک لە باخچەکانی ساوایانی بەغدا، منداڵانی ئەو تەمەنە سەیری فیلمی مامە سەدامیان پێدەکەن.' کچەکەی بە مامۆستاکەی گوتبوو، 'باوکم هەرکاتێک مامە سەدام دەردەکەوێت، تفی لێدەکات.' راپۆرتی لەسەر نووسرا و لەسێدارە درا و ئەمە لە رۆژنامەی عێراقیدا بڵاوکرایەوە. کەواتە تۆ رقت لە سەدامە، بەڵام ناچاریت منداڵەکانت لەسەر خۆشەویستیی ئەو پەروەردە بکەیت." واتە سەیرکە چوونە قووڵایی دیکتاتۆریەتی تۆتالیتاری بە کوێ گەیشتووە؟ مەسەلەکە ئەوە نییە مافی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات یان بەشداریکردن لە حوکمڕانیدا قەدەخە بکات، نا، بەڵکو دەست بەسەر ماڵەکەشتدا دەگرێت."
"سۆشیالمیدیا هانی بێسەروبەری و بەرەڵایی داوە"
بە بڕوای شابەندەر، لە عێراق هێڵە سوورەکان بەزێنراوە و زیاد لە پێویست رۆیشتوون. "ئەوەی هانی ئەم بێسەروبەرییە و بەڕەڵاییەی داوە و ئاسانی کردووە لە دەرەوەی سنوورەکانی دیموکراسی، سۆشیال میدیایە کە هیچ کۆنترۆڵێکی لەسەر نییە و هەرکەسێک دەتوانێت بە خواستی خۆی قسە بکات. بە بڕوای من، ئێستا زۆر گرنگ نییە داوای دیموکراسی بکەین، چونکە هەمووان دیموکراسییان دەوێت. دەبێت بیر لە کێشەیەک بکەینەوە کە لە نەبوونی دیموکراسی گرنگترە، ئەویش بێ سەروبەری و بەڕەڵاییە. واتە ئەگەر کۆمەڵگە سنوورە سرووشتییەکانی دیموکراسی تێپەڕێنێت، کاریگەرییەکانی چی دەبن؟ بۆیە دەڵێم زیاد وەک کەم وایە. کێشەکە، ناڵێم گەورەترینە، بەڵام هیچی لە نەبوونی دیموکراسی کەمتر نییە، ئەویش تێپەڕاندنی سنوورەکانی دیموکراسییە."
پێویستە دیموکراسی لە هەڕەمی دەسەڵاتەوە بۆ تاک شۆڕ ببێتەوە
عیزەت شابەندەر، بۆچوونی خۆی لەبارەی شۆڕبوونەوەی دیموکراسیی خستەڕوو و رایگەیاند: "بە بڕوای من، ئەو ئاستەی دیموکراسی کە ئێستا لە وڵاتدا پەیڕەو دەکرێت، باشترین ئاستە بەراورد بە هەموو وڵاتانی دراوسێی ناوچەکە. دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیە. شێوەی گشتیی پەیڕەوکردنی دیموکراسی بە بڕوای من هاتووەتە دی. گەندەڵی لە ناوەڕۆکەکاندا هەیە و هۆکارەکەشی "ئەمە رای خۆمە" ئەوەیە کە دیموکراسی لە سەرەوە دەستپێناکات، واتە لە دامەزراوە و حیزبەکانەوە بۆ ئاستی تاک دابەزێت. دیموکراسی لە پلەی یەکەمدا چەمکێکی مافی کەسی و ئەخلاقییە. تاکی مرۆڤ دەبێت خاوەنی دیموکراسیی بیرکردنەوە و هەڵوێست بێت."
راشیگەیاند: ئەگەر دیموکراسی تەنیا بۆ حیزب و رێکخراوەکان بێت، بە بڕوای من بە شێوەیەک لە شێوەکان دەگۆڕێت بۆ سازان. واتە حیزب و رێکخراوەکانمان شەرعیەتی خۆیان لە ئەندامەکانیانەوە وەردەگرن، دواتر دێن سازان لەگەڵ ئەوی دیکەدا دەکەن.
"رێککەوتنەکان و پشکپشکێنەی بەدناو روودەدەن کە وڵات و کۆمەڵگە و تەنانەت دیموکراسیش لە کۆتاییدا سەردەبڕن. بۆیە دەڵێم دیموکراسی لە تاکەوە وەک ماف و رەوشت دەستپێدەکات. مافێکی کەسییە و ئەم مافە بە شێوازێکی ئەخلاقی پەیڕەو دەکرێت کە کاریگەریی لەسەر ئەوی دیکە نەبێت و قەرەباڵخی دروست نەکات و رووبەری خۆی هەبێت. ئەگەر دیموکراسی بەم ئاراستەیەدا بڕوات، رەنگدانەوەی لەسەر حیزب و دامەزراوە و رێکخراو و رەوتەکە دەبێت. ئێمە وەک حیزب و رێکخراو مامەڵەمان لەگەڵ دیموکراسیدا کردووە و گۆڕیومانە بۆ مافی سازان و مامەڵەکان کە روودەدەن."
"دەنگ بۆ ئەوەیە کە پارەی زیاتر دەدات"
عیزەت شابەندەر باسی گۆڕینی پێوەرەکانی کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکان دەکات و دەڵێت: سەرنج رادەکێشم بۆ بابەتێک کە تاوەکو ئەوپەڕی مەترسیدارە. هەڵبژاردن یەکێکە لە دیاردەکانی دیموکراسی. ئەو گوتار یان هاندەرە چییە کە هەر بەرپرسێک شەقامی پێ رادەکێشێت؟ بە راشکاوی لەسەر ئاستی کورد و شیعە و سوننە جێگەی داخ و پەژارەیە.
"بە ملیاران خەرج دەکرێت بۆ کڕینی ویژدان"
"دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ لە یەکێک لەم گۆڕەپانانەدا، دەنگ بۆ ئەوەیە کە پارەی زیاتر دەدات. بەڵکو لەم هەڵبژاردنانەدا گەیشتە لووتکە، واتە نیشتمانپەروەری و خزمەتگوزاری و پڕۆژەی سیاسی و بەرنامە نەما. دەنگ بۆ ئەوەیە کە پارەی زیاتر دەدات و ئەوانەی ئەم شێوازەیان چەسپاندووە، دەبێت بەڕاستی ملیان بپەڕێندرێت، واتە بە تەواوی لە دیمەنی سیاسی و هەڵبژاردن دووربخرێنەوە و دەستنیشانکردنیشیان قورس نییە. پارە بە ملیاران خەرج دەکرێت بۆ کڕینی ویژدانەکان. من ئێستا لام روونە کەسانێک هەن شایەنی ریشەکێشکردنن و بێبەشکردنن لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، بەڵام هەن. کەسانێکیش هەن لە مافی خۆپاڵاوتن ریشەکێش کراون و کەموکوڕییەکەیان بۆ ماوەی 30 ساڵە باس نەکراوە، لە کاتێکدا بووەتە پەرلەمانتار و وەزیر و ئەندامی ئەنجوومەنی حوکم."
پێکهاتەکان پشت بە هێزی دەرەکیی دەبەستن بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیوایە: کورد و سوننە و شیعە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان پشت بە لایەنە دەرەکییەکان دەبەستن و رایگەیاند، بە بڕوای من، زیادەڕەوی لەوەدا کراوە کە گوایە ترسێکی سووری و ئێرانی هەیە لە دیموکراسیی کارلێکەر و گەشەسەندووی عێراق. بەداخەوە، ئەوەی ئەمڕۆ روویداوە لە بابەتی شیعە و ئێراندا، هەڵەی پەیڕەوکردنی دیموکراسییە لەنێو عێراقدا، کە وایکردووە پێکهاتەکانی عێراق بەدوای پارێزەردا بگەڕێن لە دەرەوەی سنوورەکان. کورد پێویستی بە پارێزەرە، سوننەش پێویستی بە پارێزەرە، شیعەکانیش ئەوانەن کە ئەم نەریتەیان داهێناوە و ئەمەش بێگومان هەڵەیەکی گەورەیە کە هەموو سەرکردەکانی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراق، جا کوردی بن یان سوننی یان شیعی، دەیکەن.
کورد هێندەی عێراق دیموکراسییە؟
عیزەت شابەندەر پێیوایە قسەکانی مەلا بەختیار ورد نییە کاتێک گوتبووی، کوردستان چەند هەنگاوێکی جیدی لە پێشەوەی عێراقدایە لە رووی دیموکراسییەوە.
رایگەیاند: لە رووی بەراوردکردنی دیموکراسی لە کوردستان و دیموکراسی لە بەغدا، نەک لە عێراق، چونکە کوردستانیش عێراقە. کەمێک جیاوازم لەگەڵ بەڕێز مەلا بەختیار، چونکە بە میراتگرتنی دەسەڵات لە هەولێر و سلێمانی بە تەواوی دژی دیموکراسییە. ئەمە لە بەغدا رووینەداوە، بەڵام لە سلێمانی و هەولێر روویداوە.
"دەسەڵات بۆماوەییە و ئەمەش لە بنەڕەتدا لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیدا پێکدادەدات. بۆیە دەڵێم بە بڕوای من، دەبێت ئێمە لە کێشەی تێپەڕاندنی هێڵی سووری تایبەتمەندییە دیموکراسییەکان بکۆڵینەوە. ئەمە یەکێک، دووەم: نابێت لەبیرمان بچێت کە دیموکراسی رۆشنبیرییە. واتە پێش ئەوەی کۆمەڵگە لە دیکتاتۆرییەتێکەوە بگوازینەوە کە مرۆڤ دەترسا لەگەڵ خۆیدا قسە بکات لە سەردەمی سەددام، بۆ ئەوەی ئازادیی ئەوەی پێبدەیت بە دەنگی بەرز هاوار بکات دژی هەر ئاستێکی بەرپرسان و بە ناشرینترین وشە و وەسف، ئەمە نابێت."
"شەرم دەکەم بڵێم دەوڵەتی عێراق"
راشیگەیاند، ئێمە پێویستمان بە بیرمەندە کە کۆمەڵگە لەسەر بابەتی دیموکراسی پەروەردە بکەن. بەداخەوە، ئێمە نەبووین کە سەدداممان رووخاند. هێزی دەرەکی سەددامی رووخاند نەک ئۆپۆزیسیۆن. ئەو هێزە دەرەکییەی کە هات و سەددامی رووخاند، تەنیا سەددامی نەڕووخاند، بەڵکو دەوڵەتی عێراقیشی رووخاند و ئێمەی خستە بەردەم سەرگەردانییەکی سەیر و سەمەرە. تاوەکو ئەم ساتە ئێمە لێی رزگارمان نەبووە، چونکە تاوەکو ئێستا من بە راشکاوی شەرم دەکەم بڵێم دەوڵەتی عێراق، چونکە هیچ دامەزراوەیەک نییە کە بە کۆی گشتی دەوڵەت پێکبهێنێت.
"پشکپشکێنە هەیە، دەسەڵاتێک هەیە کە لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی دابەشی دەکەین. ئەمە داگیرکەر هێناویەتی و من متمانەم بە هیچ دیموکراسییەک نییە کە ئەمریکییەکان بۆ ئەم وڵاتە بیهێنن، بە هیچ شێوەیەک، ئەوروپییەکانیش هەرگیز. پێویستی بە بیر و عەقڵێکی عێراقی هەیە کە تایبەتمەندییەکانی تاکی عێراقی و تواناکان و خواست و پێداویستییەکانی بناسێت و دیموکراسی لە وردەکارییەکانیدا لەسەر ئەم بنەمایە دابڕێژرێت."
کورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێت
راوێژکارەکەی سوودانی لەمبارەیەوە بۆچوونەکانی خۆی خستەڕوو و رایگەیاند، کەمێک دەرفەتم بدەرێ باسی فیدراڵی و هەرێمایەتی بکەم. بە بڕوای من، مەترسیدارترین شت لەسەر یەکپارچەیی عێراق، هەندێک لەو شتانەیە کە لەم دەستوورە شومەدا هاتووە. من تێدەگەم و هەمووانیش تێدەگەن کە هەرێمایەتی و فیدراڵی بۆ کۆکردنەوەی دابەشکراوە، بۆ یەکخستنی دابەشکراو لە هەرێمە پەرتەوازەکان و هەرێمە شەڕکەرەکاندا. بە فیدراڵی کۆیان دەکەینەوە. بەڵام ئایا یەکگرتوویی و یەکپارچەیی دابەش بکەم و بیکەم بە هەرێم؟ ئێمە تەواو پێچەوانەی ئاراستەکە دەڕۆین و ئەمە ویستی عێراقی نییە، بەڵکو ویستێکی ئەمریکییە کە کورد دڵخۆش دەکات. چونکە ئەوان ئاواتیان هەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بوو و ئەمەش مافی خۆیانە. من لەگەڵیانم، بەڵام لە کات و شێوازەکەدا نا. بەڵام وەک ماف، نەتەوەی کورد هەموو مافێکی هەیە دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنێت. بۆچی ئەرمەن دەوڵەتیان هەیە و چەرکەس دەوڵەتیان هەیە و هەموو خەڵک دەوڵەتیان هەیە، تەنیا کورد نەبێت؟ مافێکی راستەقینەیان هەیە، ناکۆکیی من لەسەر کات و شێوازەکەیە. بەڵام هەرێمایەتی و فیدراڵی لە دەستووردا هاتووە بۆ ئەوەی یەکەمجار کورد دڵخۆش بکات و پێشەکییەکە بۆ داهاتوویەک کە دوژمنانی عێراق هەوڵی بۆ دەدەن، ئەویش دابەشکردنە. فراوانترین دەرگا بۆ دابەشکردنی یەکگرتوو، هەرێمایەتییە.
شیعە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ستەملێکراو بوون
باسی لە دژایەتیکردنی شیعە بۆ بەریتانییەکان کرد و رایگەیاند، با بێینە سەر بابەتی شیعە. ئەوەی وای لە شیعە کرد رووبەڕووی داگیرکەری بەریتانی ببنەوە لە بەرژەوەندیی حاکمی عوسمانی، ئایین بوو. ئەگینا شیعە لە دەوڵەتی عوسمانیدا ستەملێکراو بوو. بە راشکاوی، ئەمە پاڵمان پێوەدەنێت بۆ بابەتێکی زۆر مەترسیدار، بەڵام دەبێت بیری لێبکەینەوە. شیعەکان بۆ دەیان ساڵ باجی رووبەڕووبوونەوەی بەریتانییەکانیان دا لە هەموو شتێکدا: لە خوێندن، دامەزراندن، ئابووری، حوکمڕانی و بەشداریکردن لە حوکمڕانیدا.
شیعە، سوننە دەپارێزێت
لەمبارەیەوە بە تێروتەسەلی دوا و رایگەیاند، "پەیوەست بوون بە میحوەری ئێرانەوە چییە؟ ئێران ناوێکە لە ناوەکانی بەرەیەک کە دژی ئیسرائیل و ئەمریکییەکان پێکهاتووە. ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ دێتە پێشەوە: فەڵەستینی سوننە، غەززەی سوننە، حەماسی سوننە، بۆچی تەنیا شیعە بەرگرییان لێدەکات؟ بۆچی؟ سیستمی سوننی لە کوێیە؟ عەرەبی یان غەیرە عەرەبی؟ بۆچی کاتێک شیعە ئامادەیە باجی ئەمە بدات بە گەمارۆ و برسیکردن و چەوساندنەوە، پێی دەڵێین بەهۆی ئێرانەوەیە؟ بەهۆی ئێرانەوە نییە. ئێران وڵاتێکی پشتیوانی دۆزی فەڵەستینە. بەڵام ئێمەی عەرەب خاوەنی دۆزەکەین. دووفاقی و نیفاقێکی سەیر لەنێو کۆمەڵگەدا هەیە. بۆچی ئێران لە ئیسرائیل نادات؟ دەبێت لەم دووفاقییە رزگارمان بێت دوای ئەوەی پرسیارێکی راستەقینە دەکەین."
گوتی: "ئەم دۆزە، دۆزی ئوممەتە. ئەمڕۆ دۆزی فەڵەستین، دۆزی غەززە و دۆزێکی مرۆییە. غەززە بووەتە دۆزێکی مرۆیی جیهانی، پەیوەندی بە عەرەب و کورد و عەجەمەوە نییە. ئەمڕۆ بازرگانیکردن بەم دۆزەوە لە بەرامبەر ئەو قوربانییە گەورانەی کە ئێستا بە چاوی خۆمان دەیانبینین، پووکاوەتەوە."
"پرسیارەکە دەبێت خۆی بهێنێتە پێشەوە. بۆچی تەنیا شیعە بەرگری لە فەڵەستین و غەززە دەکات؟ بۆ ئەوەی لە شەرمەزاریی وەڵامدانەوە رزگارمان بێت، ناڵێین بەرگری لە مافی فەڵەستین، بەڵکو دەڵێین پەیوەستبوون بە ئێرانەوە. سەیرە چۆن راستییەکان بچووک دەکرێنەوە. من پێت دەڵێم شیعەی عێراق و شیعەی لوبنان و شیعەی یەمەن بەرگری لە فەڵەستین دەکەن، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش وازی لێبهێنێت. با وازبهێنێت و لەم بەڵایە رزگارمان بێت. شیعە هەر بەرگریکار دەمێنێتەوە لەم مافە. هیوادارم ئەم پرسیارە کەمێک خۆی بهێنێتە پێشەوە."
حەوتی ئۆکتۆبەر سەرکەوتن بوو بەسەر زایۆنیست
لە تەوەری کۆتایی پانێڵەکەدا، عیزەت شابەندەر باسی 7ـی ئۆکتۆبەر کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ هەموومان دەڵێین 7ی ئۆکتۆبەر شکست بوو. نەخێر، بەخوا گەورەترین سەرکەوتنە کە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بەسەر پڕۆژەی ئیسرائیلی-زایۆنیدا لە جیهاندا بەدەستی هێنابێت، دوای 7ی ئۆکتۆبەرە."
ئەنجامەکانی 7ی ئۆکتۆبەرت بۆ دەژمێرم، "یەکەم: گۆڕانکاریی ترسناک لە شەقامی ئەورووپی و ئەمریکی و کەنەدیدا. ئەمڕۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان شتێکن کە بەڕاستی هەست بە سووکایەتی دەکەیت کە تۆ لە کوێی ئەم دۆزەدایت؟ ئەوەی ئێستا لە ئەورووپا و ئەمریکا روودەدات، گەلان تێگەیشتوون کە سیستمەکانیان 75 ساڵە درۆیان لەگەڵ دەکەن لە پێناسەکردنی دۆزی فەڵەستیندا. دەستکەوتی دووەم: ئەم سوپایەی ئیسرائیل کە عەرەبەکان دوودڵ بوون لە ئامادەکاری بۆ شەڕکردن لەگەڵیدا، چونکە ترسناک و سوپایەک بوو کە ناشکێت، ئێستا بە حەماس دەشکێت. دوو ساڵە ناتوانن کۆنترۆڵی 75 کیلۆمەتر بکەن. ئەنجامی سێیەم و زۆر گرنگ: ئاسایشی جوولەکە. تیۆریی ئاسایش کە زایۆنییەکان دوای ساڵی 1800 هێنایان، پێچەوانەی تێگەیشتنی پێشووی جوولەکەکانە. تیۆریی ئاسایش لە رابردوودا ئەوە بوو کە خودا بۆی هەڵبژاردوون کە نیشتمانیان نەبێت. هەموو زەوی نیشتمانیانە بۆ ئەوەی بۆ دوژمنیان ئاسان نەبێت گەمارۆیان بدات و بیانکوژێت. زایۆنییەکان گوتیان "دەتوانین نیشتمانێکی ئارام دروستبکەین." ئیسرائیل دوای 7ی ئۆکتۆبەر چیدی بۆ دانیشتووانەکەی ئارام نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ