رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە نابی تەنیا لایەنی سیاسی و بڕیار بەدەستەکان، دیموکراسییەتی وڵات دیزاین بکەن، چونکە بە دروشمبازییەوە بەرژەوەندیی تایبەتی، حیزبی، کەسی، گرووپی و تایفی بەکاردەهێنن. دەشڵێت، سوننە هەمیشە سوورن لەسەر ناونیشانی دەوڵەتی ناوەندی. بەشێک لە سوننەکانیش بەوە تۆمەتبار دەکات کە دوێنێ چەکیان دژی دەوڵەت هڵگرتووە، کەچی ئەمڕۆ هاوبەشی دەسەڵاتن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، کۆنفرانسی چاودێریی دیموکراسی، لە بەغدا بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو. لە پانێڵی یەکەمدا سەلیم جبووری، سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک سیاسەتڤانی عێراق و کورد قسەی کرد و بۆچوونی خۆی لەبارەی دۆخی دیموکراسی لە عێراق خستەڕوو.
"دەسەڵاتدار دیموکراسییەت بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاردەهێنێت"
جبووری رایگەیاند، "پێموایە هەموو کەرت و دامەزراوەکان بەرپرسن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن، نەک تەنیا لایەنی سیاسی و بڕیار بەدەست. دەبێت هەموو کەرتە کۆمەڵایەتییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵ و کاریگەرییان هەبێت لەو گۆشەیەی کە لێیەوە سەیری پرسی دیموکراسی دەکەن. خاڵی دووەم ئەوەیە کە نابێت پرسی هەڵسەنگاندن بۆ بڕیار بەدەستێک جێبهێڵدرێت کە خۆی بەشێک بووە لە ئەزموونەکە، چونکە جوانکاریی بۆ دەکات و پاساو دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی بۆچی ناوەڕۆکی دیموکراسی تەواو نەبووە و باسی ئاستەنگەکان دەکات، کە رەنگە ئەو پاساوانە راستەقینە نەبن."
دەشڵێت، بە درێژایی دوو دەیە، ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ دیموکراسی کردووە و وەبەرهێنانمان تێدا کردووە، بەڵام "هەندێکجار وەک درووشم بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، حیزبی، کەسی، گرووپی یان تائیفی بەکارهێنراوە."
سەلیم جبووری، پێیوایە ئەمە مەترسیدارە، "ئەگەر کاتمان بەفیڕۆ نەدابێت، نزیک بووینەتەوە لەوەی سەرەتا خۆمان قایل بکەین کە رێگە راستەکەمان گرتووەتەبەر. راستە ئێمە ئازاد نەبووین، با روون بین، رێگەیەکمان بۆ کێشرابوو. ئازادی تەنانەت بۆ بڕیار بەدەستیش تەواو نەبوو بۆ ئەوەی دەیەوێت بیکات، لە دەستوورەوە تاوەکو پێکهێنانی حکومەت، هەڵبژاردنەکان، ململانێکان و تەنانەت شێوازی چارەسەرکردنیشیان."
"کاریگەریی لاوەکی هەبوون و پێمان گوترا کە دیموکراسی پێویستی بەوەیە ئەم کارە بکەین. هەندێک رازی بوون ببنە ئامرازی جێبەجێکردن، نەک بنیاتنەری دیموکراسی. کاتێک باسی دەکەین، ئەوان بنیاتنەری بیرکردنەوە و ئارەزووی ئێمە نەبوون. نیگەرانییەک هەبوو بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمایەکی راست بنیات بنرێت و هەموومان بۆ ئەوە هەوڵ دەدەین و دەبێت وابێت، ئەمەش مانای سستی یان هەوڵنەدان و دەستپێشخەری نەکردن نییە. ئەمەیە وایکرد نەوەی گەنج لە تشرین دەرکەوتن و درووشمی "نیشتمانمان دەوێت"ـیان بەرزکردەوە؛ نیشتمانێک کە جێگەی شانازی بێت، نیشتمانێک کە وزەکان بەفیڕۆ نەدات، نیشتمانێک کە رێز لە ئازادیی رادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ بگرێت و دامەزراوەکان لەسەر بنەمایەکی راست بنیات بنێت."
جبووری جەخت لەوە دەکاتەوە کە نایانەوێت نیشتمانێک لەلایەن بڕیاربەدەستەوە بقۆزرێتەوە کاتێک دەگاتە دەسەڵات و بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و خێزانی بەکاریبهێنێت. "نامانەوێت نیشتمانێک کە تێیدا گاڵتە بە خەڵک بکرێت لە دامەزراوەگەلێکدا کە ناوەکەیان شتێکە و راستییەکەیان شتێکی دیکەیە. نیشتمانێکمان دەوێت کە وەک سیستەمێکی دیموکراسیی پەرلەمانی ناوی لێنراوە، ریزبەندیی دەسەڵاتەکان و رێزگرتن لە کەسایەتییەکانی تێدا بێت. ئەمانە هەموو ئەو مانایانە بوون کە جەماوەر دەیویست بیگەیێنێت، بەڵام لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات یەکێکە لەو نیشانانەی کە دەریدەخات پێگەیشتوویی تەواو نییە."
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان کە لە پشکی سوننەکان ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، باسی دەستاودەست کردنی دەسەڵات دەکات و دەڵێت: "ماوەیەکە بەدەست ئەوەوە دەناڵێنین کێ دەسەڵات وەردەگرێت و چۆن وڵات بەڕێوەدەبات، بە میکانیزم و شێوازێکی نوێ کە لەوی دیکە جیاوازە. ئەوەی دێتە پێشەوە، کاریگەرییەکی قبووڵکراوی دەبێت. راستە، ئێمە پرسیارمان لە خۆمان نەکرد، بۆ نموونە، ئەزموونی ساڵی 2005ـمان هەڵسەنگاند، تەنانەت مەرجەعیەتیش دەستەواژەی "خشانی خەڵک بەرەو سندووقەکان"ـی بەکارهێنا. خەڵک بە رووحییەت و ئاواتەوە دەچوون، بۆچی ئێستا لە ساڵی 2025 باسی ئامادەبوونی خەڵک دەکەین تەنیا بە پاڵ پێوەنان؟ بە هەر شێوەیەک لە شێوەکانی پاڵنان، وەک ئەوەی مامۆستا عیزەت باسی کرد یان هاندانیان. واتە پاشەکشەیەک لە کاریگەری و باوەڕی خەڵکدا هەیە."
سەلیم جبووری: کورد ترسی لەوە هەبوو دەستکەوتەکانی لەدەست بدات
جبووری باسی ئەزموونی خۆی لە عێراق دەکات و دەڵێت: من لە ساڵانی 2004 و 2005 ئەزموونم هەبوو کاتێک دەستوور دادەڕێژرا و یەکێک لە ئەندامەکان بووم، دواتر لە بواری مافەکانی مرۆڤدا کارم کرد. "ترسێک لای هەمووان هەبوو، ترس لە رابردوو، ئێستا و داهاتوو. سوننەکان ترسیان لە داهاتوو و ئەو کاریگەرییە هەبوو کە رەنگە ببێتە کێشە لە ژیانی سیاسی."
"پێکهاتەی شیعە ترسیان لە گەڕانەوەی رابردوو بە کاریگەری و دەرەنجامەکانییەوە هەبوو. پێکهاتەی کوردیش ترسیان لەوە هەبوو کە دەستکەوتەکانی ئێستایان لەدەست بدەن. چونکە دیدگایەک نەبوو. چی روویدا دوای 2003 سەبارەت بە پێکهاتەی سوننە؟ ئایا داگیرکاری بوو یان رزگارکردن؟ ئایا بەرەو دیموکراسییەک دەڕۆین کە فیدراڵی بەرهەم دەهێنێت؟ ئایا دابەشکردنە؟ تیۆرییەکی روون بۆ ئەوان نەبوو، نهێنییەکیش نەبوو کە بابەتەکەیان بۆ روون بکاتەوە یان بتوانن قەناعەتیان پێبکەن بەهۆی کەڵەکەبوونی رابردوو، بۆیە، بایکۆتی کۆمەڵەی نیشتمانییان کرد و بەشدارییان نەکرد، تەنانەت لە نووسینەوەی دەستووریشدا، تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتیدان و قایلیکردن کە بەشدار بن."
هەر لەوبارەوە سەلیم جبووری دەڵێت: "دوای ماوەیەک، تێبینی کرا کە پرسی پێگەیشتن گرنگە، کرانەوە بەڕووی واقیعی سیاسی و دەستپێشخەری و بەشداریکردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد. بێگومان ئێمە بە شێوەیەکی گشتیی قسە ناکەین، ئەو ماوانەی رابردوون، رووبەڕووی ئاڵنگاریی سەختیش بوونەوە. تیرۆر، هەڵگرتنی چەک و ئێستاش باسی گەندەڵی دەکەین کە یەکێکە لەو نیشانانەی کە زیاتر لە هەر شتێک پشتی دیموکراسی دەشکێنێت. بەڵکو نزیکە لەوەی ببێتە دیارترین ناونیشان کە دەبێت چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی دەرفەتمان پێبدات لە قۆناخی داهاتوودا باسی دیموکراسی بکەین."
"سوننە سوورن لەسەر ناونیشانی دەوڵەتی ناوەندی"
بە گوتەی جبووری، وەرچەرخانی زۆر لەو ماوانەدا روویاندا و کاریگەرییان لەسەر باری دەروونیی خەڵک بە گشتیی هەبوو. "سوننەکان بە گشتی مەیلیان بۆ دەوڵەت هەیە وەک مەرجەعی خۆیان، پێیان وایە ئەوەی لە دەوڵەتەوە دێت دەبێت جێبەجێ بکرێت و بەهۆی ئەزموونی پێشوویان و تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگە، سوورن لەسەر ناونیشانی دەوڵەتی ناوەندی. بۆیە، تەنانەت بیرۆکەی لامەرکەزیشییان پێ قبووڵ نەکرا، نەک هەر فیدراڵییەتی نێو دەستوور، کە هەندێکجار هەندێک دەق ئەگەر بۆم هەبێت هەڵیبسەنگێنم، بانگەشە بۆ کۆنفیدراڵیش دەکەن."
"لە بیری هاووڵاتیی ئاساییدا، کاتێک سەیری بڕیاربەدەست دەکات، مەیلی بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نوێ بەمشێوەیە هەیە و پێی وایە ئەمە هەنگاوێکە بەرەو دابەشبوون. بۆیە، رەتکردنەوەی تووند هەبوو. یان لە ئەنجامی تێنەگەیشتن بوو لە چەمکی لامەرکەزی یان فیدراڵی بە شێوەیەکی روون، یان لەبەرئەوەی ئەوانەی دەستووریان دانا، بەوانەشەوە کە بەشدارییان تێدا کرد، نیازی شاراوەیان بۆ دابەشکردن هەبوو. یان لەو باوەڕەوە بوو کە نەک تەنیا هێزە ناوخۆییەکان، بەڵکو هێزە نێودەوڵەتییەکانیش کە بەشدارییان لە دانانی دەستووردا کرد، دەیانەوێت وڵات دابەش بێت."
جبووری مکوڕە لەسەر ئەوەی کە سەرەڕای بوونی دەستوور، تاوەکو ئێستاش نیگەرانیی نەڕەویوەتەوە و دەڵێت: "بۆ زانیاریتان، ئەم نیگەرانییە تاوەکو ئێستاش هەیە، سەرەڕای بوونی دەستوور و لای هەموو پێکهاتەکانی عێراق، نەک تەنیا سوننەکان. لای هەموو پێکهاتەکان ئەو نیگەرانییە هەیە کە چارەنووسی سیستەمی سیاسی بەهۆی پشێوی و نائارامییەوە، یەکێک لە بژاردە و چارەسەرەکان، گۆشەگیری و دابەشبوونە بەمشێوەیە."
باسی رێگەچارە دەکات و دەڵێت: "ئەوەی باشە، دەستوور بڕگەیەکی گرنگی داناوە، کە من ناوی دەنێم جێبەجێکردن یان هەڵمژینی تووڕەیی، ئەویش ئەوەیە کە هەر پارێزگایەک دەتوانێت ببێتە هەرێم یان سێ پارێزگا دەتوانن پێکەوە ببنە هەرێم. واتە، ئەمە دابەشبوون و دوورکەوتنەوە نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێستادایە."
"کاتێک پارێزگا تاکەکان یان کۆمەڵە پارێزگایەک ئەم بڕیارەیان پێشکێش کرد، رەتکرایەوە و بە شێوەیەکی تائیفی و روون رەتکرایەوە، تەنانەت کاتێک ئەو پارێزگایانە بەپێی دەستوور و میکانیزمە دیموکراسییەکان داوایان کرد. بەڵام لەلایەن بڕیار بەدەستەوە بە پاساوی ناڕاست رەتکرایەوە و ئەوانەی هەوڵیان بۆ دا سزادران، سەرەڕای ئەوەی ئەوان بە ئاراستەی دەستووردا دەڕۆیشتن. دوای ماوەیەک چی روویدا؟ نیگەرانییەک سەریهەڵدا؛ ئایا ئێمە هاوبەشین یان تەنیا بەشدارین؟ دەرەنجامەکانی سیستەمی سیاسی، ئایا ئێمە بەشێکین لێی یان یەکێک بە تەنیا بڕیار دەدات و دەسەڵات دەگرێتە دەست؟ ئایا ئێمە بەشێکین لەمە؟ ئەم نیگەرانییە هەندێکجار لەلایەن لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ هاندان بەکارهێنراوە و تاوەکو ئێستاش کاریگەریی نێودەوڵەتی بەردەوامە."
"رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر لە شەڕێکی سادە گەورەترە"
سەلیم جبووری دەڵێت: "نامەوێت ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەر روویدا بچووکی بکەمەوە وەک شەڕێک کە لەلایەن چەند کەسێکی سەرکێشەوە کرابێت و بە دۆڕان کۆتایی هاتبێت و گەل و جەماوەر باجەکەیان دابێت. ئەمە بچووککردنەوەی رووداوەکەیە. ئەمە درێژکراوەی گەورەترین پرۆسەی دزینی خاکە بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی. ئەمە وێنەیەکە لە وێنەکانی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی. وەک ئەوەی ناچار بین بەو رێگەیەدا بڕۆین کە ئەوان دەیانەوێت."
"ئەگەر بژاردەکانی دیکە بەردەست و رێز لێگیراو بوونایە، تەنانەت گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنیش، ئەوا ئەو رێگەیە دەگیرایەبەر. بەڵام ئایا پێتان وایە رێگەی لێکتێگەیشتن و دانوستاندن ماف بۆ ئەوان دەگەڕێنێتەوە؟ دیارترین بەڵگە ئەوەیە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە قەتەر روویدا، بە دەستپێشخەرییەکی ئەمریکی بۆ دانوستاندن لەنێوان لایەنە دیاریکراوەکان، بەڵام ئەو لایەنە پێشێل کرا. کەواتە، چ مافێک دەکرێت لە رێگەی لێکتێگەیشتن یان دانوستاندنەوە بەدەستبهێنرێت؟"
جبووری لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەوەی روویدا لە کاردانەوەی نێودەوڵەتی، هەڕەمەکی نەبوو، تەنانەت لەلایەن ئەوانەی موسڵمان و عەرەبیش نەبوون. بە شێوەیەکی روون، ئەگەر وا دابنێین شەڕێک رووی نەدابوو، ئایا ئەمە پاساوە بۆ کوشتنی منداڵ و ژنان و رووخاندنی ماڵ و نەخۆشخانەکان؟ هەموو ئەمانە روویاندا. لە راستیدا، پرسەکە گەورەترە لەوەی وەک شەڕێکی سادە سەیر بکرێت کە دۆڕاو و براوەی هەبێت، بەڵکو پرسێکی مرۆییە کە رەنگە یەکەم یان گەورەترین بێت."
"ئەوانەی دوێنی چەکیان دژی دەوڵەت هەڵگرت ئێستا هاوبەشی دەسەڵاتن"
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان دەڵێت: پرسی دووەم پەیوەندیی بە سرووشتی سیستەمی سیاسییەوە هەیە. لە سەرەتادا، دوای 2003، ویسترا ئەم وێنەیە بۆ دەرەوە بە بازاڕ بکرێت. بەتایبەتی بۆ لایەنە عەرەبییەکان، گوایە عێراق کەوتووەتە باوەشی ئێرانەوە و حاکمی شیعەیە دەسەڵاتدارە و تۆش پاشکۆ و بەشێکیت لەم دیدە و مافت زەوت کراوە و کارەکان بە ئاراستەیەکدا دەڕۆن کە بوونی تۆ لەناودەبات. کێ ئەمەی بە بازاڕ دەکرد؟ "یەکەم، ئەوانەی هێشتا ئۆپۆزیسیۆن بوون یان ئۆپۆزیسیۆن بوون و هەوڵیان دەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عەرەبی قایل بکەن کە دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی دەستکەوت و بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان بەدەستبهێنن و سەرکەوتووش بوون. ئەم ترسە هێشتاش هەیە، بە راشکاوی قسە دەکەم. بەپێچەوانەوە، پرسەکە گەورەترە لەوە. ئەوەی دژایەتیی دەکرد، چەکی هەڵگرتبوو، هانی نەچوونە نێو پرۆسەی سیاسیی دەدا و هانی لێدانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی دەدا، ئێستا بووەتە هاوبەش، پاداشت دەکرێت و بووەتە ئەوەی کە دەبێت بڕیاری بەدەست بێت. ئەوانەی بەشدارییان لە بنیاتنانی دەوڵەتدا کرد و قوربانییان دا و باوەڕیان بە سیستەمی سیاسی هەبوو و باوەڕیان وابوو کە دەوڵەت دەبێت لەسەر بنەمایەکی راست بنیات بنرێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە پرۆسەکە دوورخرانەوە. بڕیاربەدەست، چینێکی سیاسی هەیە. ئەگەر بۆم هەبێت بڵێم، دەوڵەتیان بۆ بەرژەوەندی و ئیمتیازاتی کەسیی خۆیان دزیوە لەسەر حیسابی گشتی و تەنانەت لەسەر حیسابی بنیاتنانی دیموکراسیی راستەقینە."
پەرلەمان یاسای نەبوو
سەلیم جبووری دان بەوەدا دەنێت کە کاتێک خۆی سەرۆکی پەرلەمان بووە، پەرلەمان یاسای نەبووە. "جێگەی سەرسوڕمانە کە لە ساڵی 2016، لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی پەرلەماندا، بۆم دەرکەوت کە پەرلەمان هیچ یاسایەکی تایبەت بە خۆی نییە. لە کاتێکدا دەستوور پابەندی کردبوو کە یاسایەکی بۆ خۆی هەبێت. لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ئەو کاتە یاساکە دەرنەچوێنرابوو."
جبووری داوای رێگەدان دەکات بۆ وروژاندنی "پرسێکی هەستیار" و دەڵێت: "زۆرینەی ئەو حیزبانەی دوای 2003 هاتن، پاشخانێکی ئیسلامییان هەیە. ئەوان لە بنەڕەتدا کێشەیان لەگەڵ خودی بیرۆکەی دیموکراسی هەیە کە لەسەر بنەمای حوکمی گەل بۆ گەل بنیات نراوە، چونکە لەگەڵ بیروباوەڕی ئەواندا یەکناگرێتەوە کە پێیان وایە حوکمڕانی بۆ خودایە."
"رەوتە مەدەنییەکان، کە وا بڕیارە لە هەر هەڵبژاردنێکدا باسیان بکرێت، وەک گرووپ و پێکهاتە، هێشتا هۆشیارییان ئەوەندە پێنەگەیشتووە کە بتوانن تیۆرییەک بۆ پرۆسەی بنیاتنانێکی راستەقینە پێشکەش بکەن کە لەسەر بنەما مەدەنییە روونەکان دامەزرابێت، سەبارەت بە پرسە گشتییەکان وەک مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی رادەربڕین، سەروەری و شتی دیکە."
"دەستوور کێشە و مینی تێدایە"
سەلیم جبووری دان بەوەدا دەنێت کە "دەستوور کێشە و مینی تێدایە، نەک تەنیا لە پێکهاتەی سیستەمەکەدا، بەڵکو لە پێکهاتەی دامەزراوەکانی دەوڵەتیشدا." نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، "ئێستا دوای 25 ساڵ، ئەنجوومەنی فیدراڵی پێک نەهێنراوە، کە دامەزراوەیەکە لە دەستووردا هاتووە. لەبری ئەوە، بیرۆکەی دیکەمان بۆ دێت، هەندێک دەڵێن ئەنجوومەنی سیاسەتەکان، هەندێک دەڵێن ئەنجوومەنی ئیدارەی دەوڵەت، کە پێکهاتەی نادەستووری و نایاسایین، بەڵکو لەلایەن ئەوانەوە دروستکراون کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. هەمیشە، ئەوەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، دەیەوێت کارەکان بە ئاراستەیەکدا ببات کە لە دەستی دەرنەچێت، بە پێوانەی خۆی دەیپێوێت. نموونەیەکت دەدەمێ، یاساکانی هەڵبژاردن کە ماوە ماوە دەگۆڕدرێن و یاسایەکی نوێ بە دیزاینێکی نوێ دادەنرێت. رۆژێک فرەبازنەیی و رۆژێک یەک بازنە، بۆچی؟ چونکە ئەوەی لە دەسەڵاتە بیر لەوە دەکاتەوە کام میکانیزم بوون و بەردەوامیی بوونی دەپارێزێت و خۆی بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنێتەوە، ئەمەش ئەوەیە کە بە روونی ئازارمان دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ