رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆتایی بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەرلەمان هێنا. لە یەکەم کاردانەوەیشدا حەلبووسی گوتی، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی "نامۆ و جێگەی سەرسووڕمانە".
مەحموود مەشهەدانی، ئەندامی پەرلەمانی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، وەک باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری بڕیاریدا کۆتایی بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق بهێنێت. بڕیارەکەش کۆتاییە و گەڕانەوەی نییە".
لەبارەی ئەوەی کێ شوێنی محەممەد حەلبووسی دەگرێتەوە و دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مەحموود مەشهەدانی گوتی، "جارێ زووە باسی جێگرەوەی حەلبووسی بکرێت. فراکسیۆنە سیاسییەکان بە رێککەوتنی نێوانیان سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان دیاری دەکەن".
ئەو سکاڵایەی کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی حەلبووسی وەک پەرلەمانتار لەلایەن لەیس مستەفا حەموود دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق تۆمارکرابوو کە ئەویش سوننەیە و پێشتر لەلایەن حەلبووسیەوە لە هاوپەیمانیی تەقەدووم دوورخرابووەوە و دواتر لە پەرلەمانیش دوورخرابووەوە. دلێمی داوایکردبوو، فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە 5 لە 15-01-2023 هەڵبووەشێتەوە کە کۆتایی بە ئەندامێتیی لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا.
دلێمی لە خولی رابردوودا پەرلەمانتار بوو و لە کاتی زیادبوونی خۆپێشاندانەکاندا دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی حەلبووسی کرد. دلێمی دەڵێت، حەلبووسی ئەو کاتە رازیکردووە دەستلەکارکێشانەوەکەی نەخاتە دەنگدانەوە، بەڵام لای خۆی هەڵیگرتووە و لەم خولەدا و دوای دروستبوونی کێشە لەنێوانیاندا ئەو دەستلەکارکێشانەوەیەی دەرهێناوەتەوە و خستوویەتییە دەنگدانەوە و بەو جۆرەش لە پەرلەمانتاری دووری خستووەتەوە.
عامر عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی دەکرد، کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هێنا و رایگەیاند، دادگەی باڵای فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیی لە پەرلەمان هێناوە.
عامر عەبدولجەبار گوتی، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆتاییە و بواری تانەدانی نییە؛ بۆیە دەبێت لایەنە سوننەکان سەرۆکێک بۆ پەرلەمان دیاری بکەن.
محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە"؛ هەروەها گوتی، "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری".
رۆژی سێشەممە 14-11-2023، لەیس دلێمی گوتی، "بەهۆی ئەوەی ساختەکاریی کردووە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دا. ئێمە دوای ساڵێک لە تۆمارکردنی سکاڵاکەمان سەرکەوتین".
هاوکات باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق کە لەنێو دادگە لەگەڵ پەرلەمانتار لەیس دلێمی دەرکەوت، گوتی، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ئازایانەیە. شانازی دەکەین کە دادگەیەکمان هەیە بەهێزترینە لە ناوچەکە".
شوباتی ساڵی 2022، پەرلەمانتار لەیس دلێمی، محەممەد حەلبووسی بە ساختەکردنی نووسراو تۆمەتبار کرد و گوتی، نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی بە واژۆی خۆی پێ پڕکردووەتەوە بێ ئەوەی وادە لەسەر نووسراوەکە هەبێت؛ دواتر لە رۆژی 22ـی نیسانی 2022، نووسینگەی حەلبووسی رایگەیاند، بڕیاردراوە لەیس دلێمی لە ریزەکانی حیزبی تەقەدووم دەربکات.
محەممەد حەلبووسی کێیە؟
- ناوی محەممەد رێکان حەلبووسییە و سیاسەتڤانێکی سوننەیە.
- لەساڵی 1982 لە قەزای گەرمە لە پارێزگای ئەنبار لەدایکبووە.
- ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە لە فراکسیۆنی حەل، کە جەمال کەربوولی سەرۆکایەتی دەکرد.
- لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 پەرلەمانتار بوو.
- سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی تەقەدوومی کردووە.
- 29-8-2017 تاوەکو 14-9-2018 پارێزگاری ئەنبار بووە.
- 15-9-2018 بووە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق .
- 9-1-2022 بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ حەلبووسی لە دانیشتنی پەرلەماندا بووە و چەند خوولەکێک بەر لە دەرچوونی بڕیارەکەی دادگە، دانیشتنەکەی کۆتایی پێهێناوە.
دەقی گوتەکانی محەممەد حەلبووسی لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەرلەوەی لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە:
خوشک و برایانم، زیاتر لە پێنج ساڵ وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کارمکردووە، هەر لە چرکەساتی یەکەمەوە کە هاتوومەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، رژد بووم کێشەکان چارەسەر بکەین کە رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە.
وڵات دووچاری کێشەی تائیفی، نەتەوەیی، ئەمنی، تیرۆر و خزمەتگوزاریی بووەتەوە، هەمووان هەوڵمانداوە بابەتەکان وەک خۆی چارەسەر بکەین. هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت، بە داخەوە هەندێک هەوڵدەدەن وڵات ناسەقامگیر بێت، هەوڵ بۆ لەبەریەکهەڵوەشانەوەی پێکهاتە سیاسییەکانی کۆمەڵگە و هەڵوەشانەوەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەدەن.
وەک ئەوەی گوێبست بوون و ئەوەشی پێم گەیشتووە کە دادگەی باڵای فیدراڵیی بڕیارێکی نامۆی داوە، دواتر روونکردنەوەی زیاتر دەدەین، دوای ئەوەی بەتەواوی ئاگاداری بڕیارەکە دەبینەوە.
لە رێگەی ئێوەوە بۆ فراکسیۆن و کەسوکارتان: ئەمانەتەکەم لە بەرامبەر خودا و خەڵک بەجێگەیاندووە، جیاوازیم لە نێوان سوننە و شیعە و کوردێک نەکردووە، سوور بووم بەشێوەیەکی بەرپرسانە لەپاڵ بەرپرسیاریتان بووەستم.
برایانتان کە وەک حیزب سەرۆکیانم، رژد بوون لەوەی لەپاڵ ئێوە و خەڵکەکەیاندا بووەستن لە هەموو پارێزگاکاندا، ئێمە لە کۆمەڵگەیەک هاتووین کە پرۆسەی سیاسییان رەتکردەوە، تا 2014 کۆمەڵگەیەک نەیاری پرۆسەی سیاسی بوو.
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بە هەموو شێوەکانییەوە، بووە هۆی کەوتنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق؛ بەڵام لەگەڵ ئێوە کارمان کرد، دروشمی ئەمانەتمان هەڵگرت بە هاوکاری ئەو پارێزگایانە لەگەڵ دەوڵەتدا، دەوڵەت لەسەر پێی خۆی وەستا و رێگەمان بە تیرۆر نەدا.
بە هەموو توانایەکەوە کارمان کردووە و لە پرۆسەی سیاسیدا ئەرێنی بووین.
سەرسوڕمانین لە دەرکردنی ئەو جۆرە بڕیارانە، سەرسوڕمانین لە رێز نەگرتن لە دەستوور و سەرسووڕمانین لەو راسپاردەکردنە کە نازانین لەکوێوە دێت.
رێگەم بدەن سوپاس وپێزانینی خۆمتان بۆ دووبارە بکەمەوە، پەنا بۆ رێکارەکان دەبەین کە مافی دەستووریی دەپارێزێت، رێگەم بدەن دانیشتنەکە هەڵبگرم.
کاردانەوەی حەلبووسی ببینن کاتێک لەنێو پەرلەمانە و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی پێدەگات؛ دانیشتنی پەرلەمان هەڵدەگرێت pic.twitter.com/9aC3dmTjl9
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 14, 2023
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ