رووداو دیجیتاڵ
حیزبی تەقەدووم، بڕیاریدا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بکات، وەزیرەکانی لە حکومەت و پەرلەمانتارانی لە سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان دەستلەکاربكێشنەوە و پەرلەمانتارەکانی حیزبەکەش بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن.
حیزبی تەقدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە کۆتاییهاتنی ئەندامێتیی محەممەد رێکان حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کۆبووەوە و بڕیاری دا وەزیرەکانی لە حکومەت و پەرلەمانتارانیان لە پەرلەمان و سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان دەستلەکاربکێشنەوە.
سەرکردایەتیی حیزبی تەقەدووم و ئەندامانی لە پەرلەمان کۆبوونەوە و دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە، ئەم بڕیارانەیان دا:
1- بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
2- دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە حکومەتی فیدراڵی کە بریتین لە
- د. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانان
- د. خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان
- د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار
3- دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان.
4- بایکۆتی سیاسیی ئەندامانی حیزب لە دانیشنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆتایی بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەرلەمان هێنا. لە یەکەم کاردانەوەیشدا حەلبووسی گوتی، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی "سەیر و جێگەی سەرسووڕمانە".
مەحموود مەشهەدانی، ئەندامی پەرلەمانی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، وەک باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری بڕیاریدا کۆتایی بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق بهێنێت. بڕیارەکەش کۆتاییە و گەڕانەوەی نییە".
لەبارەی ئەوەی کێ شوێنی محەممەد حەلبووسی دەگرێتەوە و دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مەحموود مەشهدانی گوتی، "جارێ زووە باسی جێگرەوەی حەلبووسی بکرێت. فراکسیۆنە سیاسییەکان بە رێککەوتنی نێوانیان سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان دیاری دەکەن".
ئەو سکاڵایەی کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی حەلبووسی وەک پەرلەمانتار لەلایەن لەیس مستەفا حەمود دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق تۆمار کرابوو کە ئەویش سوننەیە و پێشتر لەلایەن حەلبووسییەوە لە هاوپەیمانیی تەقەدووم دوورخرابووەوە و دواتر لە پەرلەمانیش دوورخرایەوە. دلێمی داوایکردبوو فەرمانی پەرلەمانی ژمارە 5 لە 15-01-2023 هەڵبووەشێتەوە کە کۆتایی بە ئەندامێتیی لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا.
دلێمی لە خولی رابردوودا پەرلەمانتار بوو و لە کاتی زیادبوونی خۆپێشاندانەکاندا دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی حەلبووسی کرد. دلێمی دەڵێت، حەلبووسی ئەو کاتە رازیکردووە دەستلەکارکێشانەوەکەی نەخاتە دەنگدانەوە، بەڵام لای خۆی هەڵیگرتووە و لەم خولەدا و دوای دروستبوونی کێشە لە نێوانیاندا ئەو دەستلەکارکێشانەوەیەی دەرهێناوەتەوە و خستوویەتییە دەنگدانەوە و بەو جۆرەش لە پەرلەمانتاری دووری خستووەتەوە.
عامر عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی دەکرد، کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هێنا و رایگەیاند، دادگەی باڵای فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتی لە پەرلەمان هێناوە.
عامر عەبدولجەبار گوتی، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆتاییە و بواری تانە دانی نییە؛ بۆیە دەبێت لایەنە سوننەکان سەرۆکێک بۆ پەرلەمان دیاری بکەن.
محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە"؛ هەروەها گوتی، "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری".
رۆژی سێشەممە 14-11-2023، لەیس دلێمی گوتی، "بەهۆی ئەوەی ساختەکاری کردووە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دا. ئێمە دوای ساڵێک لە تۆمارکردنی سکاڵاکەمان سەرکەوتین".
هاوکات باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق کە لەنێو دادگە لەگەڵ پەرلەمانتار لەیس دلێمی دەرکەوت، گوتی، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ئازایانەیە. شانازی دەکەین کە دادگەیەکمان هەیە بەهێزترینە لە ناوچەکە."
محەممەد حەلبووسی کێیە؟
- ناوی محەممەد رێکان حەلبووسییە و سیاسەتڤانێکی سوننەیە
- لەساڵی 1982 لە قەزای گەرمە لە پارێزگای ئەنبار لەدایکبووە
- ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە لە فراکسیۆنی حەل، کە جەمال کەربوولی سەرۆکایەتی دەکرد.
- لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 پەرلەمانتار بوو.
-سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی تەقەدوومی کردووە.
- 29-8-2017 تاوەکو 14-9-2018 پارێزگاری ئەنبار بووە
- 15-9-2018 بووە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
9-1-2022 بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ