رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێک لە شاری موسڵی پارێزگای نەینەوا هاوژینەکەی دەسووتێنێت و کێشەی خێزانیش وەک هۆکار باس دەکرێت.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی یەکشەممە، 14-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە دوێنێ شەممە لە گەڕەکی نەڕگاڵ لە بەری چەپی شاری موسڵ روویدا، کاتێک پزیشکەکە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بەنزینی بە هاوژینەکەیدا کرد و ئاگری تێبەردا.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، "ژنەکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی موسڵ چارەسەر وەردەگرێ و هاوژینەکەشی دەستگیرکراوە."
بەپێی راگەیێندراوی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەینەوا، هێزەکانیان لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمەتبارەکەیان لە ناوچەی سەرجەخانەی شاری موسڵ دەستگیرکردووە.
پۆلیسی نەینەوا ئاماژەی بەوە کردووە، "رووداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە و تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر هاوژینەکەی کاتێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە، سەرەتا جامی ئۆتۆمبێلەکەی شکاندووە و دواتر بەنزینی بە رووخساریدا کردووە و ئاگری تێبەرداوە، بەو هۆیەوە رووخسار و دەستی سووتاون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ