رووداو دیجیتاڵ
وەزیرێکی حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا دەستیپێکردووە.
رۆژی دووشەممە 15-01-2024 ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە بۆنەیەکدا، کە بۆ یادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندە سوپاس قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق رێکخرابوو، لە گوتارێکدا رایگەیاند، "دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستیپێکردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرچوون و نەمانی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا، هێزە چەکدارەکان دەتوانن بەرگری لە نیشتمان بکەن و سەروەری و شکۆی خەڵک بپارێزن."
بە گوتەی ئەسەدی، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، "حکومەتی عێراق لە سەروبەندی دانانی کاتە، تاوەکو لیژنەی دووقۆڵی دەست بە زەوینەسازی بکەن بۆئەوەی بە تەواوی کۆتایی بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بهێندرێت."
وەکو ئەو وەزیرە عێراقیە باسی لێوە دەکات، عێراق و ئەمریکا رێککەوتننامەیەکی هاوبەشی ستراتیژی و پەیوەندیی دیپلۆماسی بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، ئەمریکا بنەمای سەرەکیی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی "پێشێل کردووە، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لە یەکسانیی سەروەریی نێوان وڵاتان دەکاتەوە، بەکارهێنانی هێزی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان قەدەخە کردووە."
کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، بەپێی قسەکانی ئەسەدی، "لێدان بوو لە هەموو نەریت، یاسا و رێککەوتنەکان، کاریگەرە بەسەر پەیوەندییەکان نێوان عێراق و ئەمریکا و تاوانێکی قێزەونی بێ پاساوە."
ئەمریکا 2500 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و 900ی دیکەشی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، لە تشرینی یەکەمی 2023وە، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتووەتە 45400 سەرباز؛ زۆربەیان لە کوێتن کە ژمارەیان 13500 سەربازە، لەدوای ئەویش 9000ی دیکە لە بەحرێن و 8000 لە قەتەر جێگیر کراون.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 15-01-2024 رایگەیاند، "تێڕوانینى عێراق بۆ ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعش ئەوەیە کە دەبێت بۆ قۆناخى داهاتوو، ئەرکەکەی کارى تەکنیکیی هاوبەش بێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى ئەو هاوپەیمانێتییە."
لەبارەی قۆناخی داهاتووی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، سوودانی دەڵێت، "دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ هاریکاریى ئەمنى و سەربازیى دووقۆڵى."
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەکاتى کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ هانس ساندى، باڵیۆزى هۆڵەندا لە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ