عێراق
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، گرووپەکە لەلایەن کۆمەڵە کەسانێکەوە سەرکردایەتی دەکرێن کە لەدەرەوەی عێراقن.
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی 21 ئەندامی گرووپی "قوربانییەکان"ـی لە پارێزگای دیوانییە راگەیاند.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنچ شەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تیمەکانمان، دوای چاودێرییەک کە زیاتر لە مانگێکی خایاند، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی لە پارێزگای دیوانییە ئەنجامدا و تێیدا شانەیەکیان هەڵوەشاندەوە کە لە 21 ئەندامی گرووپێکی تووندئاژۆ پێکهاتبوون کە بە 'قوربانییەکان' ناسراون و سێ لەوانە سەرکردەی گرووپەکەن."
ئەرشەد حاکم گوتی، "هەموو دەستگیرکراوەکان گەنجن و دانیشتووی دیوانییەن و دوو کەسیشیان خەڵکی پارێزگای نەجەفن، ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوکات بووە لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژانی زیارەتی رەجەبییە کە ئەم جۆرە گرووپانە تێیاندا چالاک دەبن."
بە گوتەی گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، "ئەم گرووپانە بە بانگەوازی ئایینی، فێڵ لە گەنجان دەکەن، دوور لە هەموو مرۆڤایەتییەک، ترسناکتریین کردەوە کە ئەنجامی دەدەن، بەشێوەی کۆمەڵ کۆدەبنەوە و تیروپشک دەکەن بۆ ئامادەبووان کێ ناوی دەربچێ، دەبێ خۆی بکوژێت و خۆی بکاتە قوربانی."
ئەرشەد حاکم گوتیشی، "ئەم شانەیە بەزۆری لەناوچەکانی خوارووی عێراق هەن، لەلایەن کۆمەڵە کەسانێکەوە سەرکردایەتی دەکرێن کە لەدەرەوەی عێراقن."
ئەرشەد حاکم دووپاتیشی کردەوە، "دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، لە هەوڵەکانی بەردەوامە و چاودێری هەر جووڵەیەک دەکەن، کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگە."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگاکان لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پار 203 کەس بەتۆمەتی پەیوەندییان بە گرووپە تووندئاژۆکان و گرووپی قوربانییەکان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ