لە سەلاحەدین دوو بەربژێر لەیەک لیست دەیانەوێت ببنە پارێزگار

15-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارتى جەماوەرى نیشتیمانى، بە فەرمى بەدەل فەحل، بەرژێر دەکات بۆ پۆستى پارێزگار، لەکاتێکدا پارێزگارى پێشوو کە لەهەمان لیستە خۆى بەربژێر کردووە. ئەندامێکى کورد ئەنجوومەنى پارێزگا دەڵێت، بەربژێرێکیان پەیوەندى پێوە کردوون و لەگەڵ ئەوى دیکە کۆنەبوونەتەوە.  
 
14ى ئادارى 2024، ئەحمەد جبوورى، ئەمیندارى گشتیى پارتى جەماوەى نیشتیمانى بە فەرمى بەربژێرکردنى بەدر مەحموود فەحل-ى بۆ پۆستى پارێزگارى سەڵاحەدین راگەیاند کە زۆرینەى دەنگەکانى پارتەکەی لە ئەنجوومەنى پارێزگا بەدەستهێناوە و پۆستى پارێزگار لە پشکى ئەوان دەبێت. 
 
بەدر مەحموود فەحل، ئەندامى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى عێراقە، لە خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق لە پشکى سەلاحەدین پەرلەمانتار بوو. 
 
14ى ئادارى 2024، یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین لە فراکسیۆنى جەماوەرى نیشتیمانى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەربژێرى فەرمیی لیستەکەى بەدر مەحموود فەحلە و زۆرینەى فراکسیۆنەکان پاڵپشتی لێدەکەن."
 
یاسین داودى کە لە پشکى یەکێتییە گوتى، "ئیسماعیل هەلوب، بەربژێرێکى دیکەى ئەو پۆستەیە کە سەرقاڵى کۆکردنەوەى دەنگە بۆ ئەوەى لەنێو ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگ بەدەست بهێنێت."
 
ئیسماعیل هەلوب، پارێزگارى پێشووى سەلاحەدین بووە و ئەندامى لیستى جەماوەرى نیشتیمانییە و لە هەڵبژاردنى 18ى کانوونى یەکەمى 2032، زۆرترین دەنگى لەسەر ئاستى پارێزگاکە بەدەستهێنا کە زیاتر لە 18 هەزار دەنگ بوو. 
 
ئەندامەکەى یەکێتى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین رایگەیاند، ئیسماعیل هەلوب پەیوەندى پێوە کردوون تاوەکو دەنگى پێبدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەبارەى داواکارییەکانى کورد، لەگەڵ بەدر مەحموود فەحل کۆنەبوونەتەوە.
 
رۆژی 12ى ئادارى 2024، عادل عەبدولسەلام، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بەفەرمى دەرگاى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى پارێزگارى شارەکە کردەوە، کە تاوەکو 14ى ئادار بەردەوام بوو، بڕیارە 17ى ئادار لەنێو ئەنجوومەنى پارێزگا، پارێزگار هەڵبژێردێت.
 
ئەمە دووەمجارە لەدواى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، لە سەلاحەدین پارێزگار هەڵبژێردرێت. 
 
رۆژی 4ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەحمەد جبووری، وەک تاکە بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد، بەڵام سەرۆککۆمار ئامادە نەبوو مەرسوومى کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی بۆ دەربکات بەپاساوى ئەوەى کۆتوبەندی تاوانی لەسەرە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە