بەغدا پاداشتى دارایی 'سوپاى سپى'ـی هەرێمى کوردستان رەتدەکاتەوە

15-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی عێراق لە رێگەی سەرۆککۆمارەوە داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردبوو هاوشێوەی ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، 10 ملیۆن دینار بدرێتە خێزانی ئەو کارمەندانەی تەندروستی کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام وەزارەتەکە داواکەی رەتکردووەتەوە. 
 
ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "وەزارەتى تەندروستیی عێراق داوایەکى رەتکردووەتەوە کە لە رێگەى سەرۆکایەتیى کۆمارەوە ئاراستەی کردووە بۆ ئەوەى پاداشتى دارایی ئەو وەزارەتە خێزانى ئەو کارمەندانەى تەندروستى هەرێمى کوردستان بگرێتەوە، کە بەهۆى نەخۆشیى کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە." 
 
ئاسۆ فەرەیدوون دەڵێت، ژمارەى ئەو کارمەندانەى تەندروستى کە بەهۆى کۆرۆناوە لە هەرێمى کوردستان گیانیان لەدەستداوە 500 کەس تێپەر ناکات و ژمارەکە زۆر نییە بۆیە دەتوانرا خەرج بکرێت 
 
لە 24ـى کانوونى دووەمى 2024، ئەو پەرلەمانتارە نووسراوى ئاراستەى سەرۆککۆمارى عێراق کردووە و تێیدا داوایکردووە وەک پارێزەرى دەستوور داوا لە وەزارەتى دارایی و تەندروستیى حکومەتى فیدراڵ بکات، بڕى 10 ملیۆن دینار وەک پاداشت بۆ خێزانى ئەو کارمەندانەى تەندروستیى هەرێمى کوردستان خەرج بکرێت، کە بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە. 
 
لە 28ـی کانوونی دووەمی 2024، عەلى یوسف شوکرى، سەرۆکى دەستەى راوێژکارى و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتیى کۆمار ئەو داوایەى ئاراستەى وەزارەتى تەندروستی کردووە، لە 7ـی ئاداری 2024 خەمیس حوسێن، بریکارى کارگێڕیی وەزارەتى تەندروستیى عێراق وەڵامى نووسراوەکەى داونەتەوە و پێی راگەیاندوون، هەرێمى کوردستان یەکەى ژمێریاریى سەربەخۆى هەیە و دەبێت ئەو پاداشتە لەلایەن ئەوانەوە خەرج بکرێت. 
       
ئاسۆ فەرەیدوون ئاماژەى بەوەدا، جارێکى دیکە لە رێگەى سەرۆکایەتیى کۆمارەوە داوا لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەکات ئەو پاداشتە خەرج بکرێت و خۆشی راستەوخۆ نووسراو دەنێرێت بۆ ئەنجوومەنى وەزیران.
 
بە گوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە لە 9ـی ئادارى 2021، دەرکردووە فەرمانى داوە بە وەزارەتى دارایی بۆ خەرجکردنى بڕى 10 ملیۆن دینار بۆ خێزانى ئەو کارمەندانەى تەندروستى، کە بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە بە "سوپاى سپی" ناو دەبرێن.
 
لەساڵى 2020 پەتاى کۆرۆنا لە عێراقیش بڵاوبووەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس وەک تووشبووى کۆرۆنا تۆمارکراون، زیاتر لە 20 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستدا، کە بەشێکیان پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە