رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، ناوچەکانی دەوروبەری گرتووخانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا رووبەڕووی چەندین هێرش بوونەتەوە و هۆشداریش دەدات لەوەی زیندانەکە ژمارەیەکی زۆر "تیرۆریستی مەترسیداری" تێدایە.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15-03-2026 رایگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و گرتووخانەی کەرخی ناوەندی (گرتووخانەی فڕۆکەخانە) چەندین جار کراونەتە ئامانج، کە هەندێک لە هێرشەکان زۆر لە زیندانەکەوە نزیک بوون."
گوتەبێژی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی رۆژی شەممە "بەهێزترین" بوون و گوتی: "لە کاژێر 06:00ـی ئێوارەوە تاوەکو کاتی دەرکردنی ئەم راگەیێندراوە، 6 هێرش کراونەتە سەر ناوچەکە."
وەزارەتی داد مەترسیی خۆی نیشانداوە کە ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئەمنیی ناو زیندانەکە هەبێت، چونکە وەک لعێبی دەڵێت: "ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی مەترسیدار لەو زیندانە بەندکراون."
سەبارەت بە رێکارە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی گرتووخانەکە، گوتەبێژی وەزارەتی داد دڵنیایی دا کە ئامادەکاریی کادیرانی وەزارەت و دەزگا ئەمنییەکان لە "ئاستێکی بەرزدان"، بەڵام راشیگەیاند: "کەوتنی ئەم مووشەکانە لە نزیک گرتووخانەکە جێگەی نیگەرانییە، چونکە رەنگە کاریگەری لەسەر رێکارە خۆپارێزییەکان، پلانە ئەمنییەکان یان ژێرخانی زیندانەکە هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ