رووداو دیجیتاڵ
مانگى ئابى داهاتوو قۆناخى دووەمى گواستنەوەى کارەبا لە ئوردنەوە بۆ عێراق دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردن کە 150بۆ 200 مێگاواتە.
راگەیاندنى ئەو وادەیە بۆ ناردنى کارەبا لەلایەن سوفیان بەتاینە، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیای کارەباى نیشتمانیی ئوردنەوە بوو، کاتێک سەردانى وێستگەى ریشەى کرد لە وڵاتەکەى، کە لەوێوە کارەبا دەدرێتە عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی ئایارى 2025، ئاژانسى فەرمیی ئوردن (بەترا) لەسەر زارى سوفیان بەتاینە رایگەیاند، "پڕۆژەى گواستنەوەى کارەبا بۆ عێراق لە قۆناخى کۆتاییدایە کە 150 بۆ 200 مێگاواتە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆم کردووە تاوەکو مانگى ئابى ئەمساڵ دەستبکرێت بە ناردنى ئەو بڕە کارەبایە بۆ عێراق."
بەردى بناخەى پرۆژەى گواستنەوەى کارەبا لە ئوردنەوە بۆ عێراق لە 6ـی تشرینى یەکەمى 2022 دانرا، کە لە ساڵى 2020 لە نێوان بەغدا و عەممان رێککەوتنى لەبارەوە کرابوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی ئایارى 2025، ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە رووداوى راگەیاند، قۆناخى یەکەمى پڕۆژەى گواستنەوەى کارەبا لە ئوردنەوە بۆ عێراق جێبەجێکراوە کە 54 میگاوات بووە بۆ قەزاى روتبەى پارێزگاى ئەنبار و ئەوەى ئێستا کارى لەسەر دەکرێت بۆ قۆناخى دووەمە، کە 150 بۆ 200 مێگاوات کارەبا دەدرێت.
قۆناخى یەکەمى راکێشانى ئەو هێڵى کارەبایە، شەش کیلۆمەترى لە ناوخاکى ئوردن و 330 کیلۆمەترى لە ناو سنوورى عێراقە.
گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند: قۆناخى سێیەمى ئەو پڕۆژەیە دەگاتە 350 مێگاوات کارەبا و دواى ئەوە تاوتوێى قۆناخى چوارەم دەکەین کە بەستنەوەى هێڵى کارەبایە لە نێوان میسر، ئوردن و عێراق.
ئێستا عێراق توانای بەرهەمهێنانی 27 بۆ 28 هەزار مێگاوات کارەباى هەیە، بەڵام لە وەرزى هاوین خواست لەسەر کارەبا بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەى 54 هەزار مێگاوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ