رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لە 25ى ئایارەوە دەست بە وەرگرتنى ناوى بەربژێران دەکات بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان.
ئەو بڕیارە رۆژى 14ى ئایارى 2025، لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە واژۆ کراوە، وەرگرتنى لیستى بەربژێران لە 25ى ئایار تاوەکو 24ى حوزەیران بەردەوام دەبێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەو ماوەیەدا جگە لە لیستى بەربژێرانى پارت و هاوپەیمانێتییەکان، ناوى بەربژێرە سەربەخۆکانیش وەردەگیرێن.
بۆ سێیەم جار کۆمیسیۆن وادەى تۆمارکردنى پارت، هاوپەیمانی و لیستە سەربەخۆکانى درێژکردەوە، دوا رۆژ بۆ ئەو تۆمارە 20ـی ئایارە.
عیماد جەمیل رایگەیاند، دواى کۆتاییهاتنى ماوەى پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران، لە ماوەى 15 رۆژدا وردبینیکردنیان تەواو دەبێت، کە لەلایەن وەزارەتەکانى ناوخۆ، پەروەردە، خوێندنى باڵا و دەستەکانى دەستپاکی و لێپرسینەوە و دادوەریى دەکرێت.
بۆ هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمان، کە لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە کراوەتە 18 بازنە، هەر لیست و هاوپەیمانێتییەک بۆى هەیە کە دوو ئەوەندەى ژمارەى کورسیى بازنەکەى بەربژێر لە لیستەکەیدا دابنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ