فوئاد حوسێن هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران

15-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەورووپا لە ئەگەری شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران و بەرزبوونەوەی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ 300 دۆلار، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات.
 
ئەم هۆشدارییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هات کە فوئاد حوسێن لەگەڵ یۆهان ڤادیفۆل، هاوتا ئەڵمانییەکەی، ئێوارەی دوێنێ شەممە 14ی حوزەیران ئەنجامی دا.
 
هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانە کرد کە رووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە، بەتایبەتی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران.
 
نزیکەی 20٪ـی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. ئێران پێگەیەکی بەهێزی لە سنووری کەنداو هەیە.
 
فوئاد حوسێن هۆشداری دا "بەردەوامیی جەنگ و ململانێ لە ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز، لەوانەیە ببێتەهۆی شڵەژانێکی ئابووریی مەترسیدار"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە دەکرێ داخستنی گەرووی هورمز نرخی نەوت بۆ 200- 300 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە وڵاتانی ئەورووپا و پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتیش بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری وەک عێراق ئاڵۆزتر دەکات.
 
فوئاد حوسێن گوتی، داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە "وادەکات بازاڕی نەوت رۆژانە نزیکەی 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی کەنداو و عێراق لەدەست بدات."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "زیادبوونی تووندوتیژییەکانی جەنگ لەوانەیە ببێتە پاڵنەر بۆ دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا"، بۆیە داوای "هەوڵێکی نێودەوڵەتیی جیدی کرد بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی گرژی و راگرتنی پێشهاتەکان لە رێگەی چارەسەری دیپلۆماسییەوە"؛ هەروەها داواشی لە هاوتا ئەڵمانییەکەی کرد کە "هەڵوێستێکی تووند بەرامبەر پێشێلکارییە دووبارەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئاسمانی عێراق پیشان بدات."
 
وەزیرە ئەڵمانییەکە پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ "پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق" نیشان دا و جەختی لە "پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی یان لێکەوتەیەکی ئەگەریی ململانێکان" کردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزیرە ئەڵمانییەکە رایگەیاندووە "ئەڵمانیا لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی کار دەکات بۆ رێگریکردن لەوەی عێراق ببرێتە ناو بازنەی جەنگەوە."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە