رووداو دیجیتاڵ
لویس ساکۆ، کاردیناڵی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان داوا لە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات گۆڕستانە مێژووییەکانی کریستیانەکان لە پارێزگاى نەجەف بپارێزێت، رێگە نەدرێت شوێنەکانیان بکرێنە پڕۆژەى وەبەرهێنان.
ئەو داواکارییەی لویس ساکۆ لە بانگەوازێکدا بوو، کە رۆژی سێشەممە، 15ـى تەممووزى 2025، لەلایەن کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان بڵاوی کردەوە.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە: "لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە لە نەجەفی پیرۆز پێمانگەیشتووە، کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی گۆڕستانە مێژووییەکانی کریستیانەکان لە دەوروبەری شارەکە بدرێتە وەبەرهێنان، بۆیە قەداسەتی پاتریارک کاردیناڵ لویس ساکۆ بانگەوازێکی بەهاناوەچوون ئاراستەی بەڕێز سەرۆکوەزیران دەکات، بۆ راگرتنی ئەو جۆرە پێشێلکارییە بەرامبەر بە پێگە پیرۆزەکانى کریستیان".
ئەو شوێنانەى کە کاردیناڵ لویس ساکۆ داواى پاراستنى کردوون، بریتین لە (گۆڕستانی مەنازیرە) کە گۆڕی پاتریارکە دیارەکانى تێدایە، لەگەڵ گۆڕستانی ئوم خەشم لە نەجەف.
کاردیناڵ لویس ساکۆ دەڵێت: "پێویستە ئەم شوێنەوارانە بپارێزرێن و پەرژین بکرێن و رەزامەندی نەدرێت بۆ دروستکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی کەتى تایبەت لەو شوێنانە، کە شوێنەوارەکانیان بەتەواوی دەسڕێتەوە".
زیاتر لە 33 شوێنەوارى کریستیانەکان لە نەجەف هەن کە هەندێکیان کارى کنە و پشکنینان بە تەواوى بۆ نەکراوە.
لە بانگەوازەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ئەو شوێنەوارانەیان شانبەشانی مەزارگە شیعەکان لە نەجەف و کەربەلا و شوێنەکانی دیکە، وێستگەی حەجن کە دەکرێت بە شێوەیەکی دروست وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی دووردا ببنە شوێنی گەشتیاری و ئایینی بۆ زیارەتکردن، کە داهاتێکی زۆر بۆ وڵات دابین دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ