لە عێراق سکاڵا لە دژی رێگرییەکانی جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل تۆمار دەکرێت

15-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی یاسایی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لە دژی رێگرییەکانی جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل تۆمار دەکات، بە پاساوی ئەوەی ئەگەر ئۆتۆمبێل جامی رەش نەبێت، تیشکی خۆر کاریگەریی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان دەبێت.
 
سکاڵاکە لەلایەن عومەر بەدری، راوێژکاری یاسایی عێراقى، لەسەر سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری ناوخۆی عێراق تۆمار کراوە، داوا دەکات بڕگەیەکی مادەی 25ـی یاسای هاتووچۆ بە نادەستووری بزانرێت و سەرجەم ئەو رێنماییانە هەڵبوەشێنرێتەوە کە تایبەتن بە جامڕەشکردن و ئەو بڕەپارەیەی  لە بەرامبەر جامڕەشکردن وەردەگیرێت.
 
بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی مادەی 25ـی یاسای هاتووچۆی ساڵی 2019ـی عێراق، هەرکەسێک ئۆتۆمبێلێکی جامڕەش یان پەردەدار لێبخوڕێت، بە بڕی 200 هەزار دینار سزای پێبژاردن دەدرێت و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت، تاوەکو سەرپێچییەکە لادەدات.
 
عومەر بەدری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سکاڵاکە لەسەر بنەمای ئەوەیە کە دەستوور خۆشگوزەرانیی بۆ هاووڵاتییان دابینکردووە و ئەو سزایە دژی ئەو بنەمایەیە."
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 26ـی ئابی 2025ـی دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایە.
 
سکاڵاکارەکە رایگەیاند: "بەهۆی تیشکی خۆر و بەرزیی پلەکانی گەرما کە دەگاتە سەروو 50 پلەی سیلیزی لە عێراق، کاریگەریی لەسەر هاووڵاتییان دەبێت، ئەوە جگە لەوەی ئەو تیشکە کێشە بۆ هەندێک لە نەخۆشان دروست دەکات."
 
بەگوێرەی رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەر ئۆتۆمبێلێک بە مۆڵەتی فەرمی 30%ـی جامەکانی رەش بکات، دەبێت دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بدات. ئەگەر رێژەکە بگاتە 50%، پارەکە دەبێتە پێنج ملیۆن دینار، کە ئەوەش بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە