هەژمارکردنی خزمەتی مامۆستا لە گوندەکانی عێراق دەکرێتە دوو ئەوەندە

15-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە رێگەی هەمواری یاسای وەزارەتی پەروەردەوە، خزمەتی مامۆستا لە گوندەکانی عێراق بە دوو ئەوەندە هەژمار دەکرێت و دەرماڵەى مامۆستایانیش دەکرێتە 300 هەزار دینار. 
 
ئەو هەموارە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و قۆناخی دەنگدانی ماوە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
سەباح حەبیب، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "ئەو هەموارە لەبەر ئەوە دەکرێت کە ژمارەی مامۆستا لە قوتابخانەی گوندەکانی عێراق کەمن".
 
هەموارەکە ماوەی خزمەتی مامۆستای لە قوتابخانەی گوندەکان بە سێ ساڵ دیاریکردووە، بەڵام ئەگەر زیاتر بمێنێتەوە، ئەو ماوەیەی بە دوو ئەوەندەی خزمەت بۆ هەژمار دەکرێت، بە مەرجێک ئەو ماوەیەی لەو قوتابخانەیە دەمێنێتەوە لە سێ ساڵ کەمتر و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت.
 
یەکێکی دیکە لە هەموارەکانی ئەو یاسایە ئەوەیە کە دەرماڵەی مامۆستایی بکرێتە 300 هەزار دینار، سەباح حەبیب گوتی: "پێشتر دەرماڵەکە 150 هەزار دینار بووە و دەکرێتە دوو ئەوەندە."
 
ئەو هەموارە لەدوای ئەوە دێت کە مامۆستایانی هەندێک لە قوتابخانەکانی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 مانگرتنیان راگەیاند.
 
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "بڕیار بوو لە کۆبوونەوەی پێشووی پەرلەمان ئەو هەموارە بخرێتە دەنگدانەوە و ئەگەر دانیشتنێکی دیکە بکرێت، دەنگی لەسەر دەدرێت."
 
نزیکەی 29 هەزار قوتابخانە لە عێراق هەن و لەلایەن نزیکەی 300 هەزار مامۆستا و کارمەندی پەروەردەیی بەڕێوەدەبرێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە