رووداو دیجیتاڵ
ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان وەک هەناردە رادەستی حکومەتی عێراقی دەکات، لە بەندەری جەیهان لە تورکیا هەژماردەکرێ و لەبارەی نەوتی هەناردەکراویشەوە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وردەکاریی میکانیزمی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا ئەوەیە کە گەیاندنی ئەو نەوتە تاوەکو دوا خاڵی پێشخابوور لەسەر سنووری تورکیا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێ و لەوێ رادەستی کۆمپانیای نیشتمانیی گواستنەوەی نەوتی تورکیا (بۆتاش) دەکرێ کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتە و تایبەتە بە وزە و گواستنەوە.
رۆژی 13ـی ئابی 2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، کۆنووسی رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بە واژۆی 23 کەسایەتیی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، لەسەر بنەمای رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێندراو لەگەڵ هێشتنەوەی 50 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە بۆ پێداویستیی نێوخۆیی.
ئەو سەرچاوەیەى رووداو گوتى: "بڕی هەژمارکراوی نەوتی رادەستکراوی رۆژانەى هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە بەندەری جەیهان دیاری دەکرێ کە چەندە."
یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی رادەستکردنی نەوت، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانە لە هەرێمی کوردستان کە بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێ بڕی 16 دۆلاریان بۆ گواستنەوە و بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک پێبدرێ، تاوەکو دواتر کۆمپانیایەکی راوێژکاری تێچووەکان بۆ هەر کۆمپانیایەک بەجیا دیاری دەکات.
بەرپرسێکی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئەوەی لەبارەی هەناردەی نەوتەوەیە، لەسەر دیاریکردنی 16 دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکان رێککەوتن کراوە و ئەوەی ماوەتەوە بۆ بەرهەمی نێوخۆییە و گفتوگۆ لەبارەوە بەردەوامە، بەڵام بەفەرمی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە ئاگادارنەکراوینەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ