دوو پۆلیسی هاتووچۆی عێراق بەهۆی وەرگرتنی کارتۆنێک شەربەت وەک بەرتیل سزادران

15-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوو پۆلیسی هاتووچۆ لەسەر وەرگرتنی "کارتۆنێک شەربەت" لە دوو گەنج وەک بەرتیل بە گرتن، پێبژاردنی دارایی و دەرکردنیان لە ئەرکەکانیان سزا دەدات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دەردەکەوێ یەکێک لە مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ (کارتۆنێک شەربەت) وەک بەرتیل لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان وەردەگرێ، لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەو کەیسە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیپێکرد و تۆمەتباران دەستگیرکران."
 
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێ، دوو گەنج کارتۆنێک شەربەت دەدەنە دوو پۆلیسی هاتووچۆ لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی ساڵانە (سەنەوی) ئۆتۆمبێلەکەیان.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی یاسایی، دادگای یەکەمی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئەم سزایانەی خوارەوەی بەسەر ئەو ئەندامانەی مەفرەزەکەدا سەپاند:
 
1. سزادانی رێپێدراو (فوئاد عەلی حوسێن عەلی) بە زیندانیکردن بۆ دوو ساڵ و سزای دارایی بە بڕی یەک ملیۆن و سەد هەزار دینار، بەپێی بڕگەکانی یاسای سزادان، بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل (کارتۆنێک شەربەت) لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لە رۆژی 13-9-2025؛ هەروەها بڕیاردرا بە دەرکردنی لە خزمەت وەک سزایەکی لاوەکی.
 
2. سزادانی رێپێدراو (قەیسەر جومعە کازم حەسەن) بە زیندانیکردنی ئاسایی بۆ (شەش مانگ) بەپێی یاسای سزادان، بەهۆی چاوپۆشیکردنی لە ئەنجامدانی تاوانێک کە دەیتوانی رێگری لێبکات و ئاگادارنەکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێش بڵاوبوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵ، رێگە نادات هەندێک مامەڵەی تاکەکەسی لەسەر کارمەندانیان و ئەو خزمەتانەی لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا پێشکێشی دەکەن، هەژمار بکرێ. دڵنیاییش دەدات، "بە تووندی رووبەڕووی هەر کەسێک دەبێتەوە کە هەوڵی لەکەدارکردنی ناوبانگی بدات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە