رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیاری زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران جێبەجێ نەکراوە، چونکە خاوەنکاران دژی زیادکردنەکەن.
سەرەتای مانگی ئایاری ئەم ساڵ، وەزیری کاری عێراق بەڵێنی دا، کرێی مووچەی کرێکاران لە 350 هەزار دینارەوە بکەنە 450 هەزار دینار، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەیەک بۆ پرسی زیادکردنی کرێی کرێکاران پێکهێنراوە، ئەندامانی سەندیکاکانی کرێکاران وەکو بەرگریکار لە مافی کرێکاران و یەکێتیی پیشەسازییەکان وەکو بەرگریکار لە مافی خاوەنکاران لەخۆدەگرێت، نوێنەری حکومەتیش کە فەرمانگەی کار و راهێنانی پیشەییە، سەرپەرشتیی لیژنەکە دەکات."
بە گوتەی حەسەن خەوام، خاوەنکاران پێیانوایە ئەو کرێیە زۆرە، بۆیە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیارەکە دەربڕیوە، لەبەر ئەوە تاوەکو ئێستا راپۆرتی کۆتایی بۆ پەسندکردن پێشکێشی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی نەکراوە. بەڵام کۆبوونەوەکان لە نێوان نوێنەری حکومەت، سەندیکاکانی کرێکاران و یەکێتیی پیشەسازییەکان، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامن.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا، کرێکاران دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی "میهەن" (Mihan) سکاڵا دژی هەر پێشێلکارییەک تۆمار بکەن کە لە شوێنی کاردا بەرامبەریان دەکرێت، سکاڵاکان راستەوخۆ ئاراستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکرێن، دواتر بەشی پشکنینی سەر بە فەرمانگەی کار و راهێنانی پیشەیی بەدواداچوونی بۆ دەکات.
جگە لەوە کرێکاران دەتوانن لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی بێبەرامبەر (444) سکاڵا تۆمار بکەن، یان وەزارەت لەو پێشێلکارییانە ئاگادار بکەنەوە کە لە شوێنی کارەکانیاندا رووبەڕوویان دەبێتەوە.
بەپێی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق، نزیکەی 15 ملیۆن کرێکار لە عێراق هەن، کە زیاتر لە یەک ملیۆنیان بیانین، لەو ژمارەیەش 850 هەزار کرێکار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ