رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی پەرلەمانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری لە باکووری بەغدا کوژرا.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی تارمییەی باکووری بەغدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە لە سنووری کەرخی شاری بەغدا روویداوە. عەمید نیبراس محەممەد عەلی رەشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی بەغدا-کەرخ ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و بڕیارە کەمێکی دیکە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەوبارەیەوە راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە.
ئەوە یەکەم کوژرانی بەربژێرە لە کاتی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا.
ڤیدیۆی چرکەساتەکانی دوای تەقینەوەکە؛ لە بەغدا بۆمب بە ئۆتۆمبێلی بەربژێرێکی پەرلەمانی عێراق دا تەقییەوە و کوژرا pic.twitter.com/a5ukiILFHV
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 15, 2025
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، بەربژێری ژمارە 26 بوو لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات.
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێ. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ