رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە لە بەغدا رایگەیاند، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو تاوانە ترسنۆکانەیە دەکەین" کە کرایە سەر بەربژێر سەفا مەشهەدانی. دەشڵێت، خوێنی سەفا مەشهەدانی بەفیڕۆ ناچێت.
محەممەد ئەمین شەعلان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە، گوتی، "ئەم تاوانە ئامانجگرتنێکی روونی هاوپەیمانییەکەیە و هەوڵێکە بۆ ترساندنی ئەو دەنگە ئازادانەی کە لەپێناو دادپەروەری، نەهێشتنی ستەم و بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتییان کاردەکەن، لە بەرامبەر چەکی نایاسایی و باڵادەستیی ئاژاوە و تووندوتیژی."
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، بەربژێری ژمارە 26 بوو لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات.
سەفا مەشهەدانی، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەی تارمییەی باکووری بەغدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە لە بەغدا دەڵێت، "خوێنی شەهید سەفا مەشهەدانی بەفیڕۆ ناچێت و رێبازەکەی لە بەدەستهێنانی مافەکان، نەهێشتنی ستەم، رووبەڕووبوونەوەی چەکی نایاسایی و چەسپاندنی بەهاکانی دادپەروەری، یاسا و هاووڵاتیبوون، ئەو رێچکەیە دەبێت کە هەرگیز لێی لانادەین."
محەممەد ئەمین داوا لە حکومەت و لایەنە ئەمنییەکان دەکات، "بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان لە پاراستنی بەربژێرەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی هەڵبژاردنی ئارام و بێگەرد لە ئەستۆ بگرن، هەروەها دڵنیایی بدەن لە ئاشکراکردنی تاوانباران و هێنانیان بۆ بەردەم دادگە."
هەر ئەمڕۆ، نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنى عێراق (یونامى) سەرکۆنەى کوژرانى سەفا مەشهەدانى، بەربژێرى لیستى هاوپەیمانیى سەروەرى لە بەغدا، کرد و داواى لە دەسەڵاتداران و حکومەتى عێراق کرد لێکۆڵینەوەیەکى "بەپەلە و شەفاف" لەو رووداوە بکەن.
دواى رووداوەکە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، تیمێکى کاری هاوبەشى هونەریی تاوانکاری و لیژنەیەکى باڵاى لێکۆڵینەوەى بە سەرپەرشتیی راستەوخۆى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا پێکهێناوە بۆ ئاشکراکردنى وردەکارییەکانى رووداوەکە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومیش، بەهۆی کوژرانی سەفا مەشهەدانی، راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی حیزبەکەی تایەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن راگەیاند.
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێ. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ