راپۆرتێکی یەکێتیی ئەورووپا: دۆخی عێراق بەرەو باشبوون دەچێت، بەڵام کۆسپی گەورەی لەبەردەمدایە

15-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەنابەران (EUAA)، عێراق هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێ، بەڵام ئەم رێگەیە شلۆقە و رووبەڕووی کۆسپی گەورەی وەک گەندەڵی، کاریگەریی دۆخی هەرێمی و رۆڵی گرووپە چەکدارەکان دەبێتەوە.
 
راپۆرتە 185 لاپەڕەییەکە باس لەوە دەکات کە عێراق ئێستا "ئارامتر، سەقامگیرتر و کراوەترە" بەراورد بە ساڵانی رابردوو. بەڵام هۆشداریش دەدات کە گەندەڵی، ململانێی تووندی سیاسی و دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا هێشتا هەڕەشەی گەورەن لەسەر بنەماکانی بەڕێوەبردن و سەروەریی یاسا.
 
دۆخی سیاسیی عێراق
 
هاوشێوەی هەڵسەنگاندنەکەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کانوونی یەکەمی 2024 کە رایگەیاندبوو عێراق گەیشتووەتە "ئاستێکی نوێی سەقامگیری"، راپۆرتەکەی ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەنابەرانیش ئاماژە بە چەندین وێستگەی تایبەت دەکات، لەوانە ئەنجامدانی یەکەمین سەرژمێریی نیشتمانی لە دەیان ساڵی رابردوودا.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پەرلەمانی عێراق دوای چەقبەستووییەکی یەک ساڵە، لە تشرینی یەکەمی 2024دا توانی مەحموود مەشهەدانی بە سەرۆکی نوێ هەڵبژێرێ. هاوکات، لە سەرەتای ساڵی 2025دا دەرکردنی چەند یاسایەک کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە. رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بە "گەڕانەوەی مافەکانی ژنان بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر" ناوبرد، لە کاتێکدا یاسای لێبووردنی گشتی مشتومڕێکی گەورەی لەسەر دادپەروەری و لێپرسینەوە دروستکرد.
 
ئاژانسە ئەورووپییەکە دەڵێ، لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، بەغدا بە میوانداریکردنی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ئایاری 2025 پێگەی خۆی وەک یاریزانێکی گرنگی هەرێمی دووپاتکردەوە.
 
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا لە کۆتاییەکانی 2024 سیاسەتی دەرەوەی عێراقی ناچار بە خۆگونجاندنێکی خێرا کرد کە تێیدا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق کرد و پاراستنی سنوورەکانی خستە پێشینەی کارەکانی.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کوردستان کە لە تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی لە کۆی 100 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستهێنا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش 23 کورسیی بردەوە، ئەمەش پێگەی بەهێزیانی دووپاتکردەوە.
 
هەر پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان، راپۆرتەکە دەڵێ، لە ئایاری 2025دا هەڵەبجە وەک 19ەیەمین پارێزگای عێراق ناسێندرا.
 
ئاژانسەکە لەوبارەیەوە دەڵێت، ئەوە دەستکەوتێکی سیمبوولی و لەمێژینە بوو بۆ کورد. 
 
کەمبوونەوەی هێرشەکان و بەردەوامیی هەڕەشەکان
 
راپۆرتەکەی EUAA ئاماژە بە کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی جموجووڵەکانی رێکخراوی داعش دەکات، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە کۆتاییان نەهاتووە.
 
بەگوێرەی ئاژانسەکە، داعش هێشتا توانای ئەنجامدانی هێرشی پچڕپچڕ و پارتیزانی لە ناوچە دوورەدەست و گوندنشینەکانی پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە، کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین هەیە.
 
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزە ئەمریکییەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی دژەتیرۆردان.
 
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو گرووپانەی لە ئێرانەوە نزیکن، بە درێژایی ساڵی 2024 و سەرەتای 2025، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر بنکە و دامەزراوەکانی پەیوەست بە ئەمریکا. 
 
EUAA دەڵێ، لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی 2025دا شەپۆلێکی نوێی هێرشی درۆنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج کە بووە هۆی راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنان بە بڕی 150 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
 
حەشدی شەعبی: هێزێک کە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا رەگی داکوتاوە
 
وەک لە راپۆرتەکەی EUAA دا ئاماژەی پێکراوە، ئەو پارتە سیاسیانەی لە حەشدی شەعبییەوە نزیکن، ئێستا دەسەڵاتێکی سیاسی و ئابووریی بەرفراوانیان هەیە و کۆنترۆڵی وەزارەتە گرنگەکان و کۆمپانیا دەوڵەتییەکانیان کردووە.
 
ئاژانسە ئەورووپییەکە دەڵێ، ئەو پێگە بەهێزە بووە هۆکارێک کە وایکرد لە کاتی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە نێوەڕاستی ساڵی 2025، ئەو گرووپانە خۆیان لە هەڵگیرساندنی ململانێی هەرێمیی فراوانتر بەدوور بگرن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لەنێوخۆی عێراقدا.
 
مافەکانی مرۆڤ: پێشکەوتنی کەم، ئاڵنگاریی قووڵ
 
بەشێکی راپۆرتەکە تایبەتە بە مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، رۆژنامەڤان، چالاکڤان و خۆپیشاندەران رووبەڕووی هەراسانکردن، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و تووندوتیژی دەبنەوە، ئەوەش لەلایەن ئەکتەرە دەوڵەتی و میلیشیاییەکانەوە.
 
مافەکانی ژن هێشتا بەهۆی یاسا جیاکارییەکان و دابونەریتی هۆزایەتییەوە سنووردارن. تووندوتیژیی خێزانی، ئەوەی پێی دەگوترێت کوشتن لەسەر نامووس و هاوژینی بەزۆر بەردەوامن، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان. 
 
راپۆرتەکە دەشڵێت، منداڵان بەردەوامن لە چەشتنی ئازاری کاری منداڵان، هاوژینی پێشوەختە و نەبوونی دەرفەتی خوێندن، بەتایبەتی لە کەمپی ئاوارەکاندا.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کەسانی هاوڕەگەزخواز، و  راگەزگۆڕاو لە عێراق رووبەڕووی "جیاکاری و چەوساندنەوەی سیستماتیک" دەبنەوە.
 
دۆخی مرۆیی و ئابووری
 
دۆخی مرۆیی عێراق هێشتا ناسەقامگیرە. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس هێشتا ئاوارەن کە زۆرێکیان بەهۆی "وێرانبوونی ماڵەکانیان، ململانێی هۆزایەتی یان تۆمەتبارکردنیان بە پەیوەندی لەگەڵ داعش" ناتوانن بگەڕێنەوە. 
 
گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر وەکو هۆکارێکی ئاوارەبوون ئاماژەی پێدەکرێ، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشوور وەک بەسرە و موسەننا، کە وشکەساڵی کاریگەری لەسەر خەڵکی هەبووە.  
 
ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەنابەران ئاماژە بە ئابوورییەکی سست دەکات کە لەژێر باری گەندەڵی و پشتبەستن بە نەوتدایە و هەڵاوسان و بێکاری بە بەرزی ماونەتەوە.
 
لە کاتێکدا عێراق خۆی لە گەڕانەوە بۆ ململانێی بەرفراوان پاراستووە، ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری پەنابەران هۆشداری دەدات کە "لاوازیی قووڵی پێکهاتەیی" بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە سەقامگیرییەکەی.
 
راپۆرتەکە بەم شێوەیە کۆتایی دێت: "عێراقی ئەمڕۆ لە جاران سەقامگیرترە، بەڵام سەقامگیرییەکەی لەسەر بناخەیەکی لەرزۆک وەستاوە کە تێیدا پێشکەوتن و ئیفلیجبوون پێکەوە بوونیان هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە