رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی دەڵێت، ئەرکی دادگەی باڵای فیدراڵی پاراستنی دەستوورە، بەڵام خۆی ئەوەی پێشێل کردووە. دەشڵێت، دادگەی فیدراڵی ناتوانێت ئەندامێتیی هیچ کەسێک لە پەرلەمان هەڵبووەشێنێتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ مادەی 52.
محەممەد حەلبووسی لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی قسەی کرد و رایگەیاند، ئەرکەکانی دادگە بریتین لە چاودێریکردنی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان و پاراستنی دەقەکانی دەستوور، هەروەها یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، حەلبووسی گوتی، ئەو بابەتە پەیوەست نییە بە محەممەد حەلبووسی، بەڵکو پەیوەستە بە دەسەڵاتی یاسادانان. دەشڵێت، هیچ پەرلەمانتارێک بۆی نییە تانە پێشکێشی دادگەی فیدراڵی بکات بەبێ ئەوەی پێشتر داواکەی پێشکێشی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکات.
دوێنێ سێشەممە، لەنێو کۆبوونەوە، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقی پێگەیشت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتییەکەی، بەوەش راستەوخۆ کۆتایی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان هات.
محەممەد حەلبووسی پێیوایە کە ئەوە ئەرکی دادگە نییە لە راستی و دروستیی ئەندامێتیی پەرلەمان بکۆڵێتەوە و دەڵێت، دەستوور رێوشوێنی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی پەرلەمان دیاریکردووە. دەشڵێت، ئەو لایەنەی پێویستە خۆی پابەندی دەستوور بێت، پێشێلی کردووە.
حەلبووسی دەڵێت، دادگەی فیدراڵیی عێراق بەبێ ئاگادارکردنەوەی گەل، دەستکاریی دەستووری کردووە و پێیوایە کە ئەو بڕیارەی دادگە، پێشێلی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە.
محەممەد حەلبووسی ئاماژە بەوە دەکات: "لەسەر هەمووان پێویستە بگەڕێنەوە بۆ یاسا و دەستوور و پێچەوانەی ئەوە، وڵات و گەل زیان دەکەن."
حەلبووسی کە دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق ناتوانێت سەرۆکایەتیی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات، باسی لەوەش کرد، تەنیا لە چەند دۆخێکدا دەتوانرێت ئەندامێتیی پەرلەمان هەڵبووەشێندرێتەوە کە دیارترینیان ئەمانەن؛ ئەگەر ئەندامی پەرلەمان دەستلەکاربکێشێتەوە، تاوانێکی ئەنجامدابێت و بڕیارێکی کۆتایی دادگەی بۆ دەرکرابێت، یان تووشی نەخۆشی بووبێت و نەتوانێت درێژە بە کارەکانی بدات.
حەلبووسی پێیوایە دادگەی فیدراڵی هیچ یەکێک لەو خاڵانەی رەچاونەکردووە و بەندەکانی دەستووری پێشێل کردووە، بەگوتەی خۆی، "مەترسیدارە" کاتێک لایەنی پارێزەری دەستوور، خۆی پێشێلی دەستوور بکات.
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاریی کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن".
هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە.
لە پاش ئەوەی دادگەی فیدراڵی بڕیارەکەی بڵاوکردەوە، لەیس دلێمی رایگەیاند، "ئێمە دوای ساڵێک لە سکاڵاکەماندا سەرکەوتین، ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بە تۆمەتی 'ساختەکردنی نووسراوی فەرمی' بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی دەرکرد. دادگەی باڵای فیدراڵی بەهێزترین دادگەی ناوچەکەیە و بڕیارەکەی زیرەکانەیە".
مانگی شوباتی ساڵی 2022، پەرلەمانتار لەیس دلێمی، محەممەد حەلبووسی بە "ساختەکردنی نووسراو" تۆمەتبار کرد و گوتی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی بە واژۆی خۆیەوە پێ پڕکردووەتەوە بەبێ ئەوەی وادە لەسەر نووسراوەکە هەبێت، دواتر لە رۆژی 22ـی نیسانی 2022، نووسینگەی حەلبووسی رایگەیاند، بڕیاریداوە لەیس دلێمی لە ریزەکانی حیزبی تەقەدووم دەربکات.
لە یەکەم کاردانەوەدا لە دوای دوورخستنەوەی حەلبووسی، حیزبی تەقەدووم بڕیاریدا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بکات، وەزیرەکانی لە حکومەت و پەرلەمانتارانی لە سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان دەستلەکاربكێشنەوە و پەرلەمانتارەکانی حیزبەکەش بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن.
حیزبی تەقدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە کۆتاییهاتنی ئەندامێتیی محەممەد رێکان حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کۆبووەوە و بڕیاری دا وەزیرەکانی لە حکومەت و پەرلەمانتارانیان لە پەرلەمان و سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان دەستلەکاربکێشنەوە.
سەرکردایەتیی حیزبی تەقەدووم ئەم بڕیارانەیان دا:
1- بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
2- دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە حکومەتی فیدراڵی کە بریتین لە
- د. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانان
- د. خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان
- د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار
3- دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان.
4- بایکۆتی سیاسیی ئەندامانی حیزب لە دانیشنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
محەممەد حەلبووسی کێیە؟
- ناوی محەممەد رێکان حەلبووسییە و سیاسەتڤانێکی سوننەیە
- لەساڵی 1982 لە قەزای گەرمە لە پارێزگای ئەنبار لەدایکبووە
- ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە لە فراکسیۆنی حەل، کە جەمال کەربوولی سەرۆکایەتی دەکرد.
- لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 پەرلەمانتار بوو.
-سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی تەقەدوومی کردووە.
- 29-8-2017 تاوەکو 14-9-2018 پارێزگاری ئەنبار بووە
- 15-9-2018 بووە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
9-1-2022 بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ