رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات، کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار دەنگدەرە و 6.2٪ی دەنگدەرانی ئەو هەڵبژاردنە پێکدەهێنن. زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە بەغدان و کەمترینیشیان لە واستن.
سبەى شەممە، 16ى کانوونى یەکەمی 2023، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق، لە 14 پارێزگاى عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان دەستپێدەکات.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ژمارەى ئەو ناوەندانەى بۆ دەنگدانى تایبەت تەرخانکراون لە سەرانسەرى عێراق و هەرێمی کوردستان 565 ناوەندن، کە دوو هەزار و 367 وێستگەى دەنگدان لەخۆدەگرن.
ئەو کەسانەى لە دەنگدانى تایبەتدا مافى دەنگدانیان هەیە ژمارەیان یەک ملیۆن و 2393 دەنگدەرن، لەکاتێکدا ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەسن کە مافى دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان. دەنگدەرانی تایبەت 6.2٪ی کۆی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکەن.
پارێزگاى بەغدا یەکەمە لەسەر ئاستى عێراق لە رووى زۆرى ژمارەى دەنگدەرانى تایبەتەوە، کە 309 هەزار و 119 دەنگدەرن، ئەنبار لە پلەى دووەمدا دێت کە 104 هەزار و 498 دەنگدەرە، لەکاتێکدا کەمترین دەنگدەرى تایبەت لە پارێزگاى واستە، کە 20 هەزار و 742 دەنگدەرە.
جومانە غەلاى گوتى: "لەدواى دەنگدانى تایەت کارتى بایۆمەترى دەنگدان لە دەنگدەرانى تایبەت وەردەگیرێت و وەسڵێکیان لەبرى ئەوە دەدرێتێ تاوەکو دواتر کارتەکە وەربگرنەوە."
ئەو هەنگاوەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بۆ رێگرییە لە بەکارهێنانەوەى ئەو کارتە بۆ دەنگدانى گشتى.
بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان. لە هەرێمى کوردستانیش دەنگدەرى تایبەت هەن، لە دهۆک 14 هەزار و 788 دەنگدەر، لە هەولێر 15 هەزار و 492 دەنگدەر، لە سلێمانیش 23 هەزار و 402 دەنگدەرن.
داود سەلمان، بەڕێوەبەرى رێوشوێنەکان و مەشق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو دەنگدەرە تایبەتانەى هەرێمى کوردستان کارمەندى هێزە ئەمنییەکانى سەر بە حکومەتى فیدراڵ یان هێزى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستانن، کە خەڵکى پارێزگاکانى دیکەى نەینەوا، سەڵاحەدین، کەرکووک و دیالەن." داوود سەلمان گوتیشى: "بەشێک لەو دەنگدەر تایبەتانە ئەو ئاوارانەن لە هەرێمى کوردستان کە لە دەرەوەى کەمپەکاندان".
سێیەم پارێزگا لە رووى زۆرى ژمارەى دەنگدەرانى تایبەت نەینەوایە، کە 99 هەزار و 726 دەنگدەرى تایبەتى هەیە. لە پارێزگەی کەرکووک 57 هەزار و 330 دەنگدەرى تایبەتى هەیە، دیالە 57 هەزار و 404 دەنگدەرى تایبەتى هەیە و سەلاحەدین 67 هەزار و 393 دەنگدەرى تایبەتى هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ