رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان داوایان لە سەرۆککۆمار کرد رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دیاری بکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرانی. پێشنیازیشیان کرد، ئەو کۆبوونەوەیە بەر لە 25ی کانوونی یەکەم بێت.
یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان لە ماڵی موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە بەغدا کۆبوونەوە.
ئەو ئەنجوومەنە لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرۆککۆمار کرد، "پەلە" بکات لە دیاریکردنی رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، پێشنیازیشی کرد ئەو کۆبوونەوەیە بەر لە 25ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەی دەستووری عێراق، دوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە 15 رۆژدا سەرۆککۆمار ئەندامانی خولی نوێ بۆ یەکەم کۆبوونەوە بانگهێشت دەکات و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی تاوتوێی پشکی دەستووریی سوننەکان و تێڕوانینیانی کردووە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و کارنامەکەی، لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی دەبنەوە.
ئەوە دووەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکانە لەدوای پێکهێنانیەوە.
ئەو ئەنجوومەنە لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکدێت و زیاتر لە 70 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ