عێراق
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە. وێنەکە: کۆبوونەوەیەکی پێشوویانە.
رووداو دیجیتاڵ
شیعەکان بەربژێری "سێبەر"یان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران هەیە و بۆ تاوتوێی ئەو پرسەش کۆدەبنەوە. سوننەکانیش دەیانەوێ لەسەر یەک بەربژێر رێکبکەون و 10 رۆژیان لەبەردەمدایە.
بڕیارە ئەمشەو دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆببنەوە. یەکێک لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەیان تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەودا تاوتوێی پەیوەندی و دانوستاندنی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنەکان لە کورد و سوننە لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران دەکرێ.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
سەلام زوبەیدی رایگەیاند، یەکێک لە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە، باسکردنی بەربژێری سوننەکانە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق 179 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەودا هەنگاوی بەرچاو دەنرێ لەبارەی یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران، بەڵام ناوی بەربژێری سەرۆکوەزیران راناگەیێنرێ تاوەکو سوننە بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان و کوردیش بەربژێری سەرۆککۆمار یەکلایی دەکەنەوە".
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر بەربژێرانی سەرەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، بەڵام هەردوو بەرپرسە شیعەکە کە رووداو قسەی لەگەڵ کردن جەخت لەوە دەکەنەوە ژمارەیەک کەسی"سێبەر"یش هەن بۆ ئەوەی یەکێکیان ببێتە بەربژێر، ئەگەر هاوپەیمانێتییەکە لەسەر یەکێک لە سێ بەربژێرە سەرەکییەکە رێکنەکەوت.
14ی کانوونی یەکەم دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ناوی بەربژێرانی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسندکرد. بەگوێرەی دەستوور، دەبێت سەرۆککۆمار لە 15 رۆژدا مەرسوومی کۆماری بۆ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەربکات و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان و جێگرانی هەڵبژێردرێن.
14ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کۆبووەوە و داوایان لە سەرۆککۆمار کرد "پەلە" بکات لە دیاریکردنی رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، پێشنیازیشی کرد ئەو کۆبوونەوەیە بەر لە 25ی کانوونی یەکەمی 2025 بکرێ.
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی نیشتمانیی سوننە لەسەر بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی.
ئەو بەرپرسەی سوننە رایگەیاند، رێککەوتن وایە ئەنجوومەنەکە یەک بەربژێری هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئەگەر رێکنەکەوتن لەسەر ناوێک، بە چەند بەربژێرێک دەچنە نێو پەرلەمان بۆ ئەوەی لەوێ یەکلایی بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ