رووداو دیجیتاڵ
قسەکانی هۆشیار زێباری لە بەرنامەی رابردووی هێشتا ماویەتی، لەسەر دەسەڵاتەکانی پۆستی سەرۆککۆمار، رەنگە بۆ زۆر خەڵک هەندێک شتی نوێی تێدا بووبێت، کە وامانزانیبوو، سەرۆککۆماری عێراق دەسەڵاتەکانی پڕۆتۆکۆلی و تەشریفاتین. بۆیە بەرنامەی ئەمجارەی هێشتا ماویەتی هەمووی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە، کە سێ تەوەر لەخۆ دەگرێت.
یەکەم: باسی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار بەپێی دەستوور دەکەین. ئەم هەموو دەسەڵاتەی هەیەتی، بۆ سەرۆککۆمار جێبەجێ ناکات؟ یان کێ لەبەغدا ناهێڵێت سەرۆککۆمار دەسەڵاتەکانی خۆی جێبەجێ بکات؟
دووەم: لەسەر پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی دەکەین لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، پێشتر ململانێیەکان لە هەرێمی کوردستان یەکلایینەبوونەتەوە و چوونەتەوە بەغدا و لەوێ سەرۆککۆماریان هەڵبژاردووە. ئەمجارە پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار چی دەکەن؟ کێ هەڵدەبژێرن ببێتە سەرۆککۆماری عێراق؟
سێیەم: لە بەرنامەیەدا باسی ئەوە دەکەین، لە بەغدا بۆ ناهێڵن کەسێکی سیاسی کوردی بەهێز ببێت بە سەرۆککۆماری عێراق؟
لە سلێمانییەوە دەستپێدەکەین، کە پێگەی بەهێز و حوکمڕانی یەکێتییە، ناونیشانی بەرنامەش (سەرۆککۆمار – پۆستێکی مەترسیدار)ە.
یەکێتی لەیەککاتدا، ململانێ لەگەڵ پارتی دەکات لە هەولێر، کە دەڵێت پۆستی سەرۆککۆمار پشکی منە. لەبەغداش ململانێیەکی بەهێزی لەسەر دەکات، تاوەکو دۆستەکانی پشتی بگرن.
مەبەستم بوو، بۆچوونی یەکێتی روونتر بزانین، لەگەڵ پارتی گەیشتووتەنە چ هەنگاوێک؟ راستە تاوەکو لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەگەنە رێککەوتن، پۆستی سەرۆککۆمار و بەغدا ئاڵۆزتر دەبێت؟.
ئێرە ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتییە، جەعفەر شێخ مستەفا، سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنەیە، لە گفتوگۆکردن لەگەڵیدا بۆم دەرکەوت دۆخەکە لەگەڵ پارتی زۆر لەوە ئاڵۆزترە، کە باسی دەکەن.
هەر لە یەکەم پرسیار کە لێیدەکەم بە روونی دەردەکەوێت، گرێیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە ئاسانی ناکرێنەوە.
رووداو: جەنابی شێخ نێوان پارتی و یەکێتی چۆنە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئێستا باش نییە
رووداو: لە کوێ قوفڵ بووە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان قۆفڵ بووە
رووداو: دروست لە کوێ؟
جەعفەر شێخ مستەفا: هەموو وردەکارییەکان نازانم، بەڵام یەکێتی داوای وەزارەتی ناوخۆی کردووە، بەرامبەر ئەوە کە چەندین ساڵە یەکێتی وەزارەتی پێشمەرگەی وەرگرتووە، ئێستا پێیخۆشە لەو دوو پۆستەدا ئاڵۆگۆڕ هەبێت و پۆستی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت.
رووداو: ئەوە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ وا قۆفڵ بووەتەوە، ئەوەتا پۆستی سەرۆککۆماریش هاتە سەرێ، ئێستا نێوان پارتی و یەکێتی رەنگە زیاتر تێکبچێت و لەیەکدی دووربکەونەوە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەگەر ئێمە لە هەرێمی کوردستان رێکبکەوین و بگەینە رێککەوتن و ئەنجامێکی باش، پێموایە لەسەر سەرۆککۆمار ئەو کێشە و گرفتانەمان نابێت.
رووداو: یەکێتی دەڵێت 100% دەبێ سەرۆککۆماری لای یەکێتی بێت؟ لە 100% یان مەجالی تێدا هەیە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان پارتی بێت، یەکێتی پێداگیری دەکات کە سەرۆککۆمار بۆ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بێت، هەرچەندە سەرۆککۆمار پۆستێکی پڕۆتۆکۆلییە، بەڵام دەستکەوتێکە بۆ کورد. پێموایە دانانی سەرۆککۆمار زۆر قورس دەبێت.
رووداو: لەنێوان پارتی و یەکێتی؟
جەعفەر شێخ مستەفا: لەنێوان پارتی و یەکێتی.
رووداو: شێخ لە نێوخۆدا دۆخەکە کۆڵاوە، کامەی ئاسانترە، پارتی و یەکێتی رێکدەکەون یان رێکناکەون؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوەی ئێستا دەیبینی قورسە، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا ئەوە ببینم کە سازش هەبێت لە هەردوو لاوە.
رووداو: تۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی، ئەگەر پارتی بتکاتە وەکیل، فەرموون ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چ بڕیارێک دەدەی؟
جەعفەر شێخ مستەفا: من خۆم بم لە جێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی یەکێتی داوای دەکات لەکابینەی دەیەم هەمووی بۆ دەکەم، وەزیری ناوخۆشی دەدەمێ و ئەو وەزارەتانەی کە خۆی داوا دەکات هەمووی دەدەمێ و هیچ کێشەیەک لەگەڵ (یەکێتی) دروست ناکەم.
رووداو: زۆر مەردی بە ناوی پارتی رەنگە پارتییەک وا بڵێت..
جەعفەر شێخ مستەفا: من بم وادەکەم بەڕاستی.
رووداو: بۆ؟
جەعفەر شێخ مستەفا: تەنانەت سەرۆککۆماریش دەدەمە یەکێتی. نەڵێ لەبەر ئەوەی یەکێتیم ئەوە چەند ساڵە سەرۆککۆمار لای یەکێتییە، با هەر لای بێت، چ کێشەیەکی تێدایە. بەڵام با یەکێک بکەینە سەرۆککۆمار، سەرۆککۆمارێک بێت نوێنەرایەتیی کورد بکات و بەرژەوەندییەانی کورد لە پێش چاوی بێت.
بەرپرسە باڵاکەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لەسەر دۆستەکانی حیزبەکەی لە بەغدا، دانی بە راستییەک دانا و گوتی، "کاکە بە هەڵەداچووین." پێموایە لەبەغدا گەرەنتی بۆ کەس نییە، هەر کەسێکمان پێمانوابێ کە ئەوان گەرەنتین هەڵەین، ئەوان نابن بە گەرەنتی، ئەمڕۆ کارییان بەمنە بە هەوەسی خۆیان هەڵمدەسوڕێنن، سبەینێ کاریان بە تۆیە پشت لەمن دەکەن و روو لە تۆ دەکەن."
لە سلێمانی وەڵامی هەموو پرسیارێک لەسەر یەکلاییبوونەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بەدەستمان نەکەوت. دەبێ بچینە بەغدا شوێنی یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە. بۆ کێ دەبێت، یەکێتی یان پارتی؟
یەکسەر دەچینە کۆشکی سەلام، شوێنی حوکمی سەرۆکی دەوڵەت لە عێراق. ئەوەی پۆستی سەرۆکی دەوڵەت لە عێراق وەربگرێت، دەبێ سنووری حوکمی خۆی بزانێت. ئەگەر سەرۆکی عێراق دەسەڵاتەکان بەکاربهێنێت چی روودەدات؟
- ململانێ دروست دەبێت؟
- هاوسەنگی سیاسی تێکدەچێت؟
- سیستەمی ئێستای حوکمڕانی دەکەوێتە ژێر هەڕەشە.
بەرپرسانی شیعە لە بەغدا لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار پێیانگوتم، مەرجمان هەیە بۆ ئەوەی دەبێتە سەرۆککۆمار، لەوە بووینەتەوە کە دەبێ کورد بێت، مەرجی دیکەمان هەیە. هەرکەسێک کە دەبێتە سەرۆککۆمار دەبێ بایی شەرقی بەرکەوتبێت و لەسلێمانییەوە بێت. نەک لە هەولێرەوە بێت و بای رۆژئاوایی بەرکەوتبێت. هەر کەسێک لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشێت دەبێت شتێک بزانێت! لە عێراق تەنیا شیعە حاکم و هێزن.
لە هەموو عێراق و لە باشووری کوردستان، قسەیەک هەیە دەڵێن، ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار دەسەڵاتی نییە، دەسەڵاتی تەشریفاتی و پڕۆتۆکۆلین، بەڵام لەبەرنامەی رابردووی هێشتا ماویەتی هۆشیار زێباری گوتی، نەخێر بەگوێرەی ئەم دەستوورەی عێراق ئەوەی دەبێتە سەرۆککۆمار دەسەڵاتی زۆرە و هەموو شتێکە لەو دەوڵەتە.
کۆشکی سەلام شوێنی سەرۆککۆمارەکانی عێراقە، ئەوەی دەچێتە ئەو کۆشکە دەبێت دەستوور جێبەجێ بکات، بەڵام ئایا جێبەجێ دەکرێت.
هاوڕێ تۆفیق، راوێژکاری یاسایی سەرۆککۆماری عێراقە، لێی دەپرسم، ئایا پۆستی سەرۆککۆمار، تەشریفاتییە دەسەڵاتی نییە، لە وەڵامدا دەڵێت: "ئەوەی بڵێت سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆککۆمار دەسەڵاتەکانی تەشریفاتین، ئەوە هەڵەیە."
هاوڕێ تۆفیق دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار دەژمێرێت و دەڵێت: "دەسەڵاتی هەیە پڕۆژە یاسا بنێرێت بۆ پەرلەمان، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی نییە، هیچ کەس بەبێ واژۆی سەرۆککۆمار لە سێدارە نادرێت، لە هەمانکاتدا دەتوانێت خەڵک لە پەتی سێدارە رزگار بکات و لێبووردنیان بۆ دەربکات."
دەسەڵاتێکی دیکەی سەرۆککۆمار وەک هاوڕێ تۆفیق باسی دەکات، "ئەوەیە کە کاغەزی باوەڕیپێکردنی باڵیۆزەکان و نوێنەرانی هەموو وڵاتەکان پەسند دەکات و ئەگەر پەسندی نەکات باڵیۆزی هیچ وڵاتێک لێرە دەوام ناکات."
دەسەڵاتێکی دیکە دەتوانێ داوای کۆبوونەوەی کتوپڕ و لەناکاوی پەرلەمان بکات و دەبێ پەرلەمان ئەو کۆبوونەوەیە بکات. هەروەها دەتوانێت پێشنیاری لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بکات.
رووداو: ئەو دەسەڵاتەی هەیە بەپێی دەستوور؟
هاوڕێ تۆفیق: بەڵێ لەم دەستوورە نووسراوە کە لەبەردەستی مندایە.
رووداو: واتە دەبێت هەموو سەرۆکوەزێرێک لە سەرۆککۆمار بترسێت؟
هاوڕێ تۆفیق: سەرۆککۆمار دەتوانێت کاغەزەکە بنێرێت بۆ پەرلەمان، دەڵێت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم شتانەی پێشێل کردووە داوا دەکەم، متمانەی لێبسەندرێتەوەو لایبەرن. بەڵام ئەو کاتە پەرلەمان دەیخاتە دەنگدانەوە دەسەڵاتەکە بۆ پەرلەمانە بە قسەی دەکەن یان بڕیارەکە بە جۆرێکی دیکە دەبێت.
رووداو: بەڵام ئەوە بۆمبێکی سیاسییە لە عێراق.
هاوڕێ تۆفیق: بۆمبێکی گەورەیە، ئەوە یەکێکە لەو کارتە گرینگانە کە دەسەڵاتی سەرۆکە.
رووداو: چ دەسەڵاتێکی دیکەی هەیە؟
هاوڕێ تۆفیق: دانانی سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدڕالی (سەرۆککۆمار) مەرسومیان بۆ دەردەکات، ئەگەر مەرسومەکە دەرنەکات نابن، دەتوانێ مەرسومەکانیان بکشێنێتەوە.
رووداو: لە چ دۆخێکدا دەتوانێت ئەمە بکات؟
هاوڕێ تۆفیق: لە دۆخێکدا کە هەست دەکەی دەستوور پێشێلکراوە. سەرۆککۆمار سەرۆکی دەوڵەتە، سەرۆکی حکومەت لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت جیاوازی هەیە. سەرۆکی دەوڵەت سەرۆکی هەموو داودەزگاکانی دەوڵەتە، دامودەزگای حکومی و ناحکومی. خاڵێکی دیکە، دەڵێ، سەرۆککۆمار شەونخونی دەکات بۆ جێبەجێکردن و پارێزگاری لەدەستوور. ئەمە دەرگا دەکاتەوە بۆچی؟ هەرشتێک ببینێت هەڕەشە بێت لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور، دەتوانێ دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت لەرێگەی مەرسوومەوە. بۆ نموونە دادگای فیدڕالی یان داواکاری گشتی کە خۆی مەرسوومی بۆ دەرکردوون، کاتێک سەیر دەکات پێشێلی دەستووریان کردووە دەتوانێ مەرسوومەکە بکێشێتەوە، بەو پێیەی کە ئەو پارێزەری دەستوورە.
زۆر جار هەڵەی ئەوە دەکرا کە زۆر کەس دەیانگوت گەلی کوردستان حەقە سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، زۆربەی کێشەکانمان لە یاسایە و لەپەرلەمانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو بوچوومە راست نییە، چونکە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران تەنیا دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەبات خۆی تەنیا یەک دەنگە لە پەرلەمان، لە ئەنجامدا دەنگدان بە کەمینە و زۆرینەیە، بەڵام پێگەی سەرۆککۆمار پێگەیەکی بەهێزە.
رووداو: بەگوێرەی ئەم دەستوورە؟
هاوڕێ تۆفیق: بەڵێ دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار فراوانن، ئەمجارە سوود لە وانەکانی پێشوو وەربگرین، ئەگەر بینیبێت خوولەکانی پێشوو کێبڕکێ کراوە، چەند کێبڕکێ کراوە پۆستەکە هەر بۆ گەلی کوردستان بووە و هەر لای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ماوەتەوە.
رووداو: هەر لایە یەکێتی دەمینێتەوە؟
هاوڕێ تۆفیق: بەدڵنیاییەوە.
وەڵامەکانی راوێژکارە کوردەکەی سەرۆککۆمار هەندێ منی وەستاند، دەستوور ئەم هەموو دەسەڵاتەی پێداوە، پرسیاری بەهێزەکە دروست دەبێت، ئەم هێزە کێیە دەسەڵاتی لە سەرۆکی دەوڵەت سەندووە؟
کۆشکی سەلام بەجێدێڵین، بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێم. وەڵامەکە لای کەسێکە لەگەڵ سێ سەرۆکی عێراق کاریکردووە.
ئاگادارە لە ژوورەکانی کۆشکی سەلام چ روویداوە. 13 ساڵ سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی دەوڵەتی عێراق بووە و ئاگاداری وردەکاری دیوانی سەرۆکایەتی عێراقە. دەسەڵاتەکانی چۆن بەکارهاتووە؟ چ بەکارنەهێنراوە؟ کێ پێیگوتووە ئەمە بەکارنەهێنە؟ دەبێ ببینین ووردەکارییەکە لەو وەردەگرین کە سەرۆکی عێراق دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت یان بەکارناهێنێت یان ناهێڵن بەکاربهێنێت؟
نەسیر ئەلعانی، 13 ساڵ سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی عێراق بووە، بەبێ هیچ رتووشێک گوتی: "کاکە، سەرۆک دەترسێنن، سەرۆکێک هەڵدەبژێرن پێشوەختە سنووری خۆی بزانێت.
نەسیر عەلی گوتی: "هێزەکە پەیوەستە بە کەسایەتیی سەرۆکەکەوە، بەڵام ئەو دەسەڵاتانەی پێیدراون دەسەڵاتی زۆر فراوانن و دەستوور لە زیاتر لە ماددەیەکدا ئاماژەی پێداون. بەڵام زۆربەی بابەتەکان بە "سازان" تێپەڕیون، سازانیش هەندێکجار بە واتای بازدانە بەسەر هەندێک بڕگەی دەستووردا.
رووداو: لە دەستووری عێراقدا؟
نەسیر عەلی: بەپێی ماددەی 66ـی دەستووری عێراق، دەقەکەی دەڵێت: دەسەڵاتی جێبەجێکار پێکدێت لە سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران. ئەمەش واتای ئەوەیە سەرۆککۆمار بە تەنیا و ئەنجوومەنی وەزیران بە تەنیا...
رووداو: سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران یان ئەنجوومەنی وەزیران؟
نەسیر عەلی: بەڵکو ئەنجوومەنی وەزیران (هەموو وەزیرەکان لەگەڵ سەرۆکەکەیان) بەرامبەر بە سەرۆککۆمار.
رووداو: چی روودەدات ئەگەر سەرۆکێکیان هەڵبژارد و گوتی دەسەڵاتەکانی خۆم بەکاردەهێنم؟
نەسیر عەلی: بە چاودێریکردنی بابەتەکان و سەرۆکەکان، هیچ شتێک بەسەر سەرۆکدا نەسەپێنراوە و پێینەگوتراوە "ئەمە بکە" یان "ئەمە مەکە." من هیچ لایەنێکم نەبینیوە پێی بڵێت "ئەمە دەسەڵاتی تۆ نییە" یان "ئەمە دەسەڵاتی تۆیە و بیکە". من ئەوەم نەبینیوە، بەڵام بابەتەکە هەر لەسەر خودی سەرۆکەکە دەمێنێتەوە؛ چونکە کاتێک ئەو دەسەڵاتانەی هەیە، دەبینێت ئەگەر بیانکات و پەیڕەویان بکات، رەنگە کێشەیەکی دیکەی بۆ دروست ببێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە دەگەڕێینەوە و دەڵێین "سازان". سازان بێگومان هەندێکجار کە لە سنوور دەردەچێت، بازدان بەسەر بڕگەکانی دەستووردا روودەدات.
رووداو: ئەگەر کەسێکی "عەرەبی سوننە" بیەوێت پۆستی سەرۆککۆمار وەربگرێت و دەسەڵاتەکانی پەیڕەو بکات وەکو لە دەستووردا هاتووە، چی روودەدات؟
نەسیر عەلی: ئەو کەسە دەناسن کە دێت، ئەگەر بینییان کەسێکی تووندە لەو بابەتەدا، ئەوا کەس هەڵینابژێرێت، چونکە زۆرینەیەک و ئەنجوومەنی نوێنەران هەن، کەسێک هەڵدەبژێرن وەک ئەوان بیانەوێت.
شیعە کە حوکمڕانی راستەقینەی عێراقن سەرۆکێکی بەهێزیان بۆ دەوڵەت ناوێ، نەک لەبەر ئەوە دژن، بەڵکو نایانەوێ کەسێک بێت ئەو سیستەمە بگۆڕێت، کە لە دەرەوەی هێزی دەوڵەتدا دروستیان کردووە. دەرکەوت سەرۆکێک هەڵدەبژێرن بەو مەرجەی داوای دەسەڵات نەکات.
کاتێک لە بەغدا بووین بۆ تۆمارکردنی ئەم بەرنامەیە، شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا بوون، لەگەڵ لایەنە شیعەکانی عێراق و هەندێ لایەنی سوننی گفتوگۆیان کردووە.
بۆ ئەوەی بزانین یەکێتی داوای چی کردووە، دەچینە لای عەسائیبی ئەهلی حەق، یەکێک لە هێزە بەهێزترینەکانی شیعەیە.
لای عەسایب وەڵامی دبلۆماسیمان نەبینی، زۆر راشکاو و یەکلاکەرەوە بوون.
د. سەعد ساعدی پێشتر پێمگوتبوو گفتوگۆیەکەمان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمارە، هەڵوێستی فەرمی عەسائیبمان دەوێت.
د. سەعد گوتی: "ئەمە روانگەی چوارچێوەی هەماهەنگییە بە گشتی، من لێرەدا بەناوی چوارچێوەی هەماهەنگی و کوتلەی "سادقون"ـەوە قسە دەکەم، ئامانجی یەکەمی ئێمە ئەوەیە کورد لەسەر بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆککۆمار رێکبکەون، پارتی دەبێ بە سەرۆکایەتیی هەرێم و وەزیرانەوە قایل بن و پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کەسێکی دیکە جێبهێڵن کە لەسەری رێکدەکەون، ئێمەش هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەوەدا نییە، بەڵام ئەگەر نە ئەمە و نە ئەوە رووینەدا و رێکنەکەوتن، ئەوا بێگومان و بەبێ دوودڵی پشتگیری لە بەربژێری یەکێتی دەکەین.
رووداو: ئەگەر پارتیش سوور بێت لەسەر ئەوەی سەرۆککۆمار پشکی ئەو بێت؟
د. سەعد: ئەوا بێگومان و بەبێ گفتوگۆ پشتگیری لە بەربژێری یەکێتی دەکەین.
رووداو: بیستووتانە کە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار؟
د. سەعد: بەڵێ.
رووداو: پشتگیریی دەکەن؟
د. سەعد: بیستوومانە. پشتگیری لە هەر کەسێک دەکەین کە لەسەری رێکبکەون، بەبێ گوێدانە ناو. بەڕێز بافڵ کەسایەتییەکی نیشتمانیی و بەڕێزە و لێکتێگەیشتنێکی زۆرمان لەگەڵیاندا هەیە، بەڵام بژاردەکە هەر کوردییە. لەگەڵ ئەوەشدا...
رووداو: ئەو زمانی عەرەبی نازانێت.
د. سەعد: رەنگە عەرەبی نەزانینەکەی ببێتە رێگر لە بەردەم وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار.
وەڵامەکانی عەسایب، دانانی سنوورە بۆ خواستەکانی پارتی لە بەغدا و داوا دەکەن پارتی بۆ عێراق وەک یەکێتی بیربکاتەوە.
رووداو: راستگۆیانەتر پێم بڵێ، جیاوازیی نێوان پارتی و یەکێتی لە بەغدا چییە؟
د. سەعد: خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ یەکێتی زیاترە وەکو لەگەڵ ئەوانی دیکە، وەکو میانڕەوی و هاوسەنگی و تێکەڵبوون لەگەڵ عێراق و بەرژەوەندیی گەلی عێراق، پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و بایەخپێدان بە بەرژەوەندیی گشتی و پەیوەندیی بەردەوام. ئەمە شتێکە کە رەنگە زۆر لەگەڵ برایانی پارتی بەدینەکەین، کە هیوادارین گوتاری بەرژەوەندیی عێراق بەسەر بەرژەوەندیی هەرێمدا زاڵ بکەن.
پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، تەنیا کێشەیەکی کوردی، یان سەفقەیەکی شیعە نییە، بەڵکو ترس لەوە هەیە سەرۆککۆمار دەسەڵاتەکانی جێبەجێ بکات.
خەڵک چاوەڕێ دەکات لەم وڵاتە چی رووبدات، کە هێشتا رێرەوی پێچەوانەی یاسا هەیە و بەسەر دەستووردا بازدەدەن، بۆیە هێشتا ماویەتی پۆستی سەرۆککۆمار لە عێراق یەکلایی ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ