حکومەتى عێراق لیژنە لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر پێکدەهێنێت و لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا تۆمار دەکات

16-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و بە "دوژمنکارانە" وەسفی دەکات، دەڵێت "لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکهێنراوە و لە ئەنجوومەنى ئاسایش سکاڵا تۆمار دەکات."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-1-2024) لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "هێرشەکەی ئێران، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی بە مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە خەڵکی مەدەنیی بێتاوان بوونەتە قوربانی. لەو شوێنانەی هێرشی کراوەتە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد کە بەهۆیەوە شەهید بوو و ئەندامانی خێزانەکەشی بریندار بوون."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە حکومەتی عێراق ئەو "هەڵسوکەوتەی ئێران بە دەستدرێژی بۆ سەر ئاسایش و گەلی عێراق و زیانگەیاندن بەرامبەر ئاسایشی ناوچەکە دەزانێت و هەموو رێکاریکی یاساییش لە بەرامبەری دەگرێتەبەر، لەوانەش سکاڵاکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایشى نێودەڵەتى."
 
وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ ئەوەی پاڵپشت بێت لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەڕووی نێودەوڵەتییە لەپێناو پێشکێشکردنی بەڵگەی ورد "دواتر ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن بۆ ئەوەی رای گشتیی عێراقی و نێودەوڵەتی راستییەکان لەبارەی چەوتیی لایەنی هێرشبەرەوە بزانن." 
 
هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر بە 10 مووشەک بوو، کە نیوەیان بە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن، بەهۆیەوە پێشڕەو و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووەتە یەک ساڵ گیانیان لەدەستدا، جگە لەوان هاوڕێیەکی بەناوی کەرەم میخائیل، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی لە عێراق و کارگوزارێکی فیلیپینیی گیانیان لەدەستدا. 
 
شەوی هێرشەکە، لەنێو ماڵی پێشڕەو دزەییدا بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا، ئاهەنگی خێزانی هەبووە، بۆیە مووشەکەکان جگە لە کوشتنی ئەو سێ کەسە، بوونە هۆی برینداربوونی 17 کەسی دیکە، کە لە ئەندامانی خێزان، بنەماڵە و پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێشڕەو دزەیی پێکدێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

قاسم ئەعرەجی: خەڵاتەکەی یانەی زاخۆ دەستکەوتێکی شەرەفمەندانە و جێگەی شانازییە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پیرۆزبایی لە یانەی وەرزشیی زاخۆ دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی "باشترین هاندەری جیهان" لەلایەن فیفاوە و دەڵێت، ئەو دەستکەوتە بەرجەستەکردنی واتاکانی مرۆڤایەتییە.