رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نەسر، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات و دەڵێت، "یارییەکی مەترسیدارە عێراق بکرێتە گۆڕەپانی پاکتاوکردنی حیساباتەکان، بەسەر هەمووان ئاوەژوو دەبێتەوە."
هاوپەیمانێتییەکە، کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتیی دەکات، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 16-01-2024 لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر رایگەیاند، "سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر شاری هەولێری عێراق دەکەین، ئەمە هێرش و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە."
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، "لەڕووی نیشتمانییەوە ناکرێت ئەو هێرشانە قبووڵ بکرێت کە لەلایەن وڵاتە جیاوازەکانەوە دەرهەق بە عێراق و دامەزراوە و خەڵکەکەی دەکرێت، وەکو هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر، ئەمریکا بۆ سەر بارەگا ئەمنییەکان و تورکیا دەرهەق بە سەروەریی عێراق. خەڵک و دەوڵەت و سازانی هێزە نیشتمانییە بەرپرسەکان ئەم پێشێلکارییانە قبووڵ ناکەن."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هێرشی وڵاتان دەرهەق بە عێراق، خزمەت بە کەس ناکات، یارییەکی مەترسیدارە عێراق بکرێتە گۆڕەپانی پاکتاوکردن، بەسەر هەمووان ئاوەژوو دەبێتەوە."
هاوپەیمانێتییەکە پشتیوانی لە رێکارەکانی حکومەت دەکات لە بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەر عێراق دەکرێت، دەشڵێت، "داوای هاوسۆزی دەکەین بۆ پاراستنی عێراق و خەڵک و سەروەرییەکەی."
کاژێر 23:30ی رۆژی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
دەقی راگەیێندراوەکە
سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر شاری هەولێری عێراق دەکەین، ئەمە هێرش و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە.
لە رووی نیشتمانییەوە ناکرێت ئەو هێرشانە قبووڵ بکرێت کە لەلایەن وڵاتە جیاوازەکانەوە دەرهەق بە عێراق و دامەزراوە و خەڵکەی دەکرێت، وەک هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر، ئەمریکا بۆ سەر بارەگا ئەمنییەکان، تورکیا دەرهەق بە سەروەریی عێراق. خەڵک و دەوڵەت و سازانی هێزە نیشتمانییە بەرپرسەکان ئەم پێشێلکارییانە قبووڵ ناکەن.
هێرشی وڵاتان دەرهەق بە عێراق، خزمەت بە کەس ناکات، یارییەکی مەترسیدارە عێراق بکرێتە گۆڕەپانی پاکتاوکردنی حیساباتەکان، بەسەر هەمووان ئاوەژوودەبێتەوە.
پشتیوانی لە رێکارەکانی حکومەت دەکەین لە بەرامبەر هەر پێشلکارییەک کە دەرهەق بە عێراق دەکرێت، داوای هاوسۆزی دەکەین بۆ پاراستنی عێراق و خەڵک و سەروەرییەکەی.
هاوپەیمانی نەسر
نووسینگەی راگەیاندن
16 کانوونی دووەمی 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ