پەروەردەى عێراق: بەشى خوێندنى کوردى لەو پارێزگایانە بکرێتەوە کە کوردى لێیە

16-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى پەروەردەى عێراق بڕیاری دا لە هەر پارێزگایەکی عێراق کوردى لێبێت، بەشى خوێندنى کوردى لە کۆلێژى پەروەردەی کراوە( بنیات)، بکرێتەوە.
 
ئەو بڕیارە لەسەر بنەماى فەرمانێکى ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردەى عێراق بووە و لە 6ـی ئایار لەلایەن ئیحسان هادى ئەحمەد، راگرى کۆلێژى پەروەردە ئاراستەى بەشەکانى ئەو کۆلێژە کراوە. 
 
بەگوێرەى فەرمانەکە، دەبێت بۆ ساڵى خوێندنى 2025-2026 بەشى خوێندنى کوردى لە کۆلێژى پەروەردەى کراوە لەو پارێزگایەنە بکرێتەوە کە کوردی لێیە. 
 
ئەو رێکارە دواى ئەوە دێت، کە سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک لە 14ـی ئەیلوولى 2024 نووسراوێکى ئاراستەى وەزارەتى پەروەردەى دەستەى راى سەر بەو وەزارەتە کردووە بۆ کردنەوەى ئەو بەشە.
 
ئەمڕۆ هەینى 16ـی ئایارى 2025، سەباح حەبیب بە رووداوى گوت: "بەشى خوێندنى کوردى لە کۆلێژى پەروەردەى کراوە ساڵی 2024 بەهۆى نەبوونى میلاک و مامۆستای تایبەت بە زمانى کوردى لە کەرکووک داخرا. بەگوێرەى بڕیارەکەى وەزارەتى پەروەردە، ئەگەر میلاک هەبێت پێویستە لە پارێزگاکانى سەلاحەدین، دیالە و نەینەوا هەمان بەش بکرێتەوە".
 
لە نووسراوەکەى وەزارەتى پەروەردە هاتووە، کردنەوەى بەشى کوردى لەو کۆلێژە پێویستى بە خوێندکار و دەستەبەرکردنى مامۆستا هەیە، کە خاوەنى بڕوانامەى باڵا بن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە