تەنیا 65٪ى ئاسمانى عێراق چاودێریی دەکرێت و دوو بەرەى جەنگ دەیبەزێنن

16-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
پیاوێک لە سەربانێکی تارانەوە لە ئاسۆیەکی دوور دەڕوانێت لە ئاسمان کە مووشەک و فڕۆکەی ئیسرائیلی لەوێوە هێرشەکانیان دەکەن. وێنە: AFP
پیاوێک لە سەربانێکی تارانەوە لە ئاسۆیەکی دوور دەڕوانێت لە ئاسمان کە مووشەک و فڕۆکەی ئیسرائیلی لەوێوە هێرشەکانیان دەکەن. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئێران و ئیسرائیل بەسەر ئاسمانى عێراقدا بە مووشەک و فڕۆکە یەکدى بۆردوومان دەکەن کە بەدەست ئەمریکاوەیە، لە کاتێکدا عێراق لە رێگەى سیستمى چاودێرییەکەیەوە لەسەر زەوى دەتوانێت 65%ى ئاسمانەکەى رووماڵ بکات.
 
لە 13ـی حوزەیرانەوە مووشەک، درۆن، فڕۆکەى ئێران و ئیسرائیل بەسەر ئاسمانى عێراقدا گوزەر دەکەن بۆ پێکانى ئامانجەکان لەدژى یەکدى، لە کاتێکدا هەردوو وڵات نزیکەى هەزار کیلۆمەتر لە یەکدییەوە دوورن.
 
لە یەکەم رۆژى دەستپێکردنى ئەو جەنگە عێراق رایگەیاند، کە سکاڵایەکى فەرمى ئاڕاستەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کردووە و تیایدا سەرکۆنەى بەزاندنى ئاسمانى عێراقى کرد لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەمەبەستى بەکارهێنانى بۆ "دەستدرێژیى سەربازی" لە ناوچەکە.
 
عیماد روبەیعى، سەرۆکى سەنتەرى ئیعتیماد بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بە رووداوى گوت، "ئاسمانى عێراق لە لایەن هەردوو بەرەى جەنگەوە بەزێنراوە، ئەوە لە رووى سەربازییەوە مەترسییە بۆ سەر عێراق بەهۆى ئەگەرى کەوتنەخوارەوەى مووشەک و درۆن لەناو خاکەکەى".
 
بە گوێرەى رێککەوتنى ستراتیژیى ساڵى 2009 لە نێوان ئەمریکا و عێراق، واشنتن دەسەڵاتى بەکارهێنانى ئاسمانى عێراقى هەیە، کە دواتر بۆ پاراستنى عێراق، چووە ژێر هەژموونى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعش کە ئەمریکا سەرپەرشتى دەکات.
 
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە حەشد لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە رووداوى گوت، "هەموو ئاسمانی عێراق لە کۆنترۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە، ناڕەزایی و بێزارییەکی زۆر هەیە کە فڕۆکەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی عێراقدا دەڕۆن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ئەمە پێشێلکارییە. تێپەڕبوونی ئەو فڕۆکانە، ئێرانییەکانی بێزار و نیگەران کردووە".
 
دواى دەستپێکردنى جەنگەکە، ئێران بە فەرمى نیگەرانى خۆى گەیاندە عێراق لەبارەى بەزاندنى سنوورە ئاسمانییەکەى لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە.  
 
سەرۆکى سەنتەرى ئیعتیماد بۆ لکۆڵینەوە ستراتیژییەکان گوتى: "بەوپێیەى کە زۆینەى ئامانجەکانى ئیسرائیل دەکەونە رۆژئاواى ئێرانەوە، مەترسى لەسەر زیاتر لە 1500 کیلۆمەتر سنوورى عێراق لەگەڵ ئێران هەیە کە بەسەریدا ئیسرائیل بۆردوومانەکانى دەکات و تواناى بەرگریى عێراقیش لەو ئاستەدا نییە رێگرى لێبکات."
 
جەنگى ئێران و ئیسرائیل بەسەر ئاسمانى عێراقدا، گەشتى فڕۆکەوانیی مەدەنى لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان راگرتووە، بە تەنیا فڕۆکەخانەى بەسرە نەبێت کە لە 16ى حوزەیرانەوە رۆژانە لە چوارى بەرەبەیان تاوەکو 10ى شەو گەشتى تێدا دەکرێت. 
 
سەگڤان سندى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئاسمانى عێراق بە دەست هێزەکانى هاوپەیمانانەوەیە، بەزاندنى سنوور تەنیا فڕۆکە ناگرێتەوە و بۆ تێپەڕبوونى مووشەکیش هەمان سنوور بەزاندنە.
 
بە گوتەى سەگڤان سندى، سیستمى چاودێریى ئاسمانى عێراق تەواو نەبووە و لەنێوان کورت و مامناوەند و بەرزدان و دەتوانن 65%ى ئاسمانى عێراق رووماڵ بکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە