رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق تیمێک بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییەکانی پێکدەهێنێت. دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقیش داوا دەکات، ئەوانەی گیریانخواردووە پەیوەندی بە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی عێراقەوە بکەن بۆ گەڕانەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی داوە تیمێک پێکبهێندرێت بە سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی و ئەندامێتیی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و گواستنەوە، لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریانخواردووە.
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داوا لەو هاووڵاتییە عێراقییانە دەکەن کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، یان لە ژمارەیەک وڵاتدا گیریانخواردووە، پەیوەندی بە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی عێراقەوە بکەن تاوەکو ئاسانکاریی پێویستیان بۆ بکرێت بۆ گەڕانەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکات، ژمارەکانی فریاکەوتنی تایبەت بە باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی عێراق بەکاربهێنن، چونکە تیمەکانی کارکردن بە شێوەیەکی بەردەوام کار دەکەن بۆ پێشکێشکردنی پشتیوانیی پێویست لە هەر دۆخە لەناکاوەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ