بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: 270 حیزب بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمار کراوە

16-07-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، نزیکەی 270 پارتی سیاسی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناویان تۆمار کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، کۆمیسیۆن لەم هەفتەیەدا وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەداتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-07-2023 د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق میوانی بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "تائێستا بە شێوەیەکی فەرمی ناوی نزیکەی 270 پارتی سیاسی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمار کراوە."
 
ئەو بەرپرسەی سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 15 پارتی سیاسیی دیکەش کە دەیانەوێت بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە بن، بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن.
 
بڕیارە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، وەکو بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکە گوتی، نزیکەی 15 پارتی سیاسی داوای ئەوەیان کردووە بە شێوەی مەرجدار مۆڵەتی بەشداری لە هەڵبژاردنیان پێبدرێت، بۆئەوەی بە واژۆکردنی بەڵێننامەیەک بەشدار بن و ئەرکدار بکرێن، دواتر سەرپێچییەکانیان چارەسەر بکەن.
 
بەپێی یاسای ژمارە 36ی ساڵی 2015 بۆ تۆمارکردنی ناوی پارتێکی سیاسی لە هەڵبژاردنەکاندا، پێویستە سەرجەم رێکارەکان تەواو بکرێت و نابێت پارتەکان هیچ سەرپێچییەکی یاساییان هەبێت. د. هەیمان تەحسین لەوبارەوە ئاماژەی بەوەدا، "ئەگەر مۆڵەتی مەرجکراویان پێبدەین، دەبێت لە ماوەی 90 رۆژدا، بەڵێننامەیان پێ پڕبکرێتەوە کە سەرجەم ئەو رێکارانەی ماون تەواو بکرێن و سەرپێچییەکان چارەسەر بکرێن."
 
لە 01-07-2023ـوە تۆمارکردنی لیستی هاوپەیمانێتییەکان و حیزبەکان دەستیپێکردووە و ماوەی یەک مانگ لەبەردەم هێزە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بە گوتەی بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی نۆ هاوپەیمانێتیی نوێ داواکارییان پێشکێش کردووە، 42 هاوپەیمانێتیی کۆنیش هەیە کە دەبێت لەکاتی هەر گۆڕانکارییەک وەکو زیادکردن یان کەمکردنەوەی پارتێکی سیاسی، فەرمانگە ئاگادار بکرێتەوە."
 
"ئەم هەفتەیە کۆمیسیۆن وەڵامی داواکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەداتەوە"
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە کۆتایی مانگی ئایاردا بڕیاری "نادەستووریبوون"ی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی دا؛ بەپێی ئەو بڕیارە، کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانیش بە "نایاسایی" ناسێندرا.
 
بۆیە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 10-07-2023 لە نووسراوێكى فه‌رميدا داوای لە كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق کرد بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌يى نيشان بدات.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوەکەدا پێشنیازی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی کردووە، رۆژی 18-11-2023 یان 18-12-2023 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات.
 
د. هەیمان تەحسین لەوبارەوە گوتی، "دیار نییە ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەسەر نووسراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەنجوومەن ئەم بابەتە یەکلایی دەکاتەوە و بڕیاری لەسەر دەدات." دەشڵێت، کۆمیسیۆن ئێستا دەیەوێت بە شێوەیەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە