رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و لیستێکی ئەو پڕۆژە یاسایانەیان پێدەدات کە پلان هەیە ئەم وەرزەی یاسادانان پەسندبکرێن. سەرۆکى یەکێک لە فراکسیۆنەکان دەڵێت، لیستەکە 70 پڕۆژە یاسای تێدایە، بەڵام هیچ کامیان پڕۆژە یاسای نەوت و گاز نین.
16ى تەممووزى 2023، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى کارەکانی وەرزى دووەمى یاسادانانى ئەمساڵی پەرلەمان.
جەمال کۆچەر، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامیی کوردستان کە بەشدارى کۆبوونەوەکەى کردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق لیستێکى رادەست کردن کە 70 پڕۆژەیاسا لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا کاریان لەسەر بکەن، ئیدی هەر لە خوێندنەوەى یەکەم و دووەمەوە بگرە تاوەکو دەگاتە پەسند کردن.
بەشێک لەو پڕۆژە یاسایانە لەوانە بریتین لە هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى، بنبڕکردنى تیرۆر، دامەزراوەى شەهیدان، رووبەڕووبوونەوەی مادەى هۆشبەر، هەروەها بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە.
جەمال کۆچەر گوتیشى، "پڕۆژەیاساى نەوت و گاز لەنێو ئەو 70 پڕۆژەیەدا نییە کە سەرۆکى پەرلەمان رادەستی کردین."
پڕۆژەیاساى نەوت و گاز بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکان دادەنرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە ئامادەکردن و دەنگدان لەسەری دەکاتەوە بە مەبەستی چارەسەرى کێشەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا.
لە سێ وەرزى یەکەمى یاسادانانى ئەم خولەى پەرلەمانى عێراقدا 15 پڕۆژەیاسا پەسند کراون .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ