راپۆرتی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی؛ 'پابەندیی دارایی زۆر دەکات و هەڵاوسانی کارگێڕی دروستدەکات'

16-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق دژی پابەندبوونی دارایی زیاترە لە رێگەی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی، بەهۆی "کەمیی داهات و کورتهێنانی بودجە"، ئەنجوومەنی دەوڵەتیش لەگەڵ دروستبوونی ئەکادیمیایەکی سەربازی نییە بۆ ئەو دەستەیە و دەڵێت: "زۆریی بەڕێوەبەرایەتییەکان هەڵاوسانی دروستکردووە".
 
ئەو تێبینییانە لە راپۆرتی پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دا هاتووە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی تەممووز، لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا بۆ ئامادەکردنی بۆ دەنگدان.
 
ئەنجوومەنی دەوڵەت: هەڵاوسان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانیدا هەیە
 
بەگوێرەی راپۆرتی تایبەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی، بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وابووە کە تێبینییان لەسەر زۆریی پێکهاتەکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەبووە، کە سەر بەو دەستەیە دەبن.
 
ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت، "هەڵاوسان لە پەیکەری کارگێڕیی دەستەکەدا هەیە، کە پێچەوانەی سیاسەتی حکومەتە بۆ بچووککردنەوەی پەیکەری کارگێڕی، دەکرێت چەند بەڕێوەبەرایەتییەک لەنێو پڕۆژەکەدا یەکبخرێن."
 
تێبینییەکی دیکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی ئەوەیە کە دەستەی حەشدی شەعبی ئەکادیمیایەکی سەربازیی تایبەت بەخۆی هەبێت. ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت: "پشتگیریی بوونی ئەو ئەکادیمیایە تایبەت بە حەشدی شەعبی ناکەین، لەکاتێکدا ئەکادیمیای سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی هەیە، کە دەکرێت سوودی لێ ببینرێت."
 
وەزارەتی دارایی: ناتوانین پارەی زیاتر تەرخان بکەین
 
وەزارەتی دارایی عێراق لە تێبینییەکانیدا لە چوارچێوەی ئەو راپۆرتەدا رایگەیاندووە، کە پشتگیریی ئەوە ناکات ئەو دامەزراوەیە بچێتە نێو هیچ پابەندییەکەوە کە قورسایی دارایی لەسەر گەنجینەی دەوڵەت زیاد بکات و نەتوانرێت "لەم کاتەدا" دابین بکرێت.
 
وەزارەتی دارایی ئەو تێبینییەی بەستووەتەوە بە کەمیی داهاتی بەردەست و کورتهێنان لە بودجەی گشتی و قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی و سوودی قەرزەکانەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆ؛ پڕۆژەکە کورت بکەنەوە
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشنیازی کردووە کە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی کورت بکرێتەوە بۆ پێناسەکردنی دەستەکە، پێکهاتە و ئەرکەکانی، ئەرکی سەرۆکی دەستەکە و جێگرەکانی، هەروەها ئەو پێکهاتە و بەشانەی کە هەیەتی.
 
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەداوە هەندێک تێبینیی دیکەیان لەسەر پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی هەیە، کە پێشتر بە نووسراو لە 31ی ئاداری 2024 بۆیان ناردوون.
 
سەگڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆچوونی ئەو وەزارەت و لایەنانە لە رێگەی میدیاکانیان نووسراوەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی وەرگیراوە."
 
گۆڕانکارییەکانی لیژنەکە؛ حەشد سەربەخۆیی دارایی هەبێت 
 
یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی کە لیژنەى ئاسایش و بەرگرىی پەرلەمان پێشنیازى کردووە لە پڕۆژەیاساکەدا بکرێت ئەوەیە، کە دەستەی حەشدی شەعبی سەربەخۆیی دارایی هەبێت، لەکاتێکدا لە پڕۆژەیاساکەی حکومەتدا ئاماژە بە سەربەخۆیی دارایی نەکراوە.
 
پێشنیازێکی دیکە ئەوە بووە کە بڕگەیەک زیادبکرێت وەک ئەرکی دەستەکە، بەوەی کاری پاراستن و پەرەپێدانی ژێرخانی وڵاتی هەبێت و سوود لە داهات و توانا دارایی و مرۆییەکانی دەستەکە وەربگیرێت بۆ پەرەپێدانی کاری دەستەی حەشدی شەعبی و بیناسازیی وڵات.
 
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پێشنیازێکی زیادکردووە کە تایبەتە بەو کەسەی سەرۆکایەتیی دەستەکە دەکات، کە پێویستە 10 ساڵ ئەزموون و خزمەتی لە بواری سەربازیدا هەبێت، لە رەشنووسی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەو مەرجە نەبووە. هەروەها دەسەڵاتێک زیادکراوە بۆ سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی، کە دانانی پلانی ئەمنییە، لەکاتێکدا لە رەشنووسەکەی حکومەتدا ئەو ئەرکەی نییە و تەنیا جێبەجێکردنی پلان و ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و هەواڵگری و ئەمنییەکانە.
 
پێشنیازێکی دیکە ئەوەیە، بودجەی ساڵانەی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن خودی دەستەکەوە دیاریبکرێت و پەسند بکرێت. هەروەها بڕگەیەک زیادکراوە بەوەی بودجەیەکی سەربەخۆی هەبێت لە داهاتی وەبەرهێنانی پارەی دەستەکە یان کۆمەک و هەر سەرچاوەیەکی دارایی دیکە. جگە لەوەش هاوردەکردنە تایبەتەکانی ئەو دەستەیە لە باج و رسوومات دەبەخشرێن.
 
سەگڤان سندی رایگەیاند، ئەو راپۆرتە گۆڕانکاریی تێدا ناکرێت، ئەگەر ناڕەزایی هەندێک پەرلەمانتار و لایەنی لەسەر نەبێت،  دەنگدان لەسەری پێویستی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانە.
 
ئەو پڕۆژەیاسایە جێگرەوەی یاسایەکی دیکەیە کە لە ساڵی 2016 لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکراوە، بۆ ئەوەی رەوایەتیی یاسایی بدرێت بە پێکهێنانی دەستەی حەشدی شەعبی.
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان رایگەیاند، "تاوەکو یاسای دەستەی حەشدی شەعبی پەسند نەکرێت، ناتوانرێت پڕۆژەیاسای خزمەتی ئەو دەستەیە پەسند بکرێت."
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای خزمەتی حەشدی شەعبی راگرتووە، لە دوای ئەوەی ناکۆکی لەبارەوە هەبوو، کە وردەکاریی مووچە و شایستە داراییەکانی کارمەندانی ئەو دەستەیە رووندەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە