رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی 'نەجەفی پیرۆز' بۆ توێژینەوەی ستراتیژی (NCSS) ئەنجامی دوو توێژینەوەی مەیدانیی بڵاوکردەوە و ئاستی بەکاربردنی ئاوی خواردنەوە و ژەمەخۆراکەکانی لە ماوەی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن بڵاوکردەوە، بەراورد بە پار، زیاتر لە 377 هەزار زیارەتکار کەمی کردووە.
لە ئەنجامی توێژینەوەی یەکەمدا دەرکەوتووە ژمارەی پەرداخی ئاوی خواردنەوەی دابەشکراو لە ماوەی زیارەتەکەدا، گەیشتووەتە نزیکەی 3,798,634,320 (سێ ملیار و 798 ملیۆن) پەرداخ.
ئەمەش بە پشتبەستن بە پێداویستیی رۆژانەی هەر زیارەتکارێک، کە 45 پەرداخە و بە تێکڕای مانەوەی بۆ ماوەی چوار رۆژ، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی زیارەتکاران گەیشتووەتە 21,103,524 کەس.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ژمارانە تەنیا ئاوی خواردنەوە دەگرنەوە و ئەو ئاوەی بۆ چێشتلێنان و پاککردنەوە بەکارهاتووە، هەژمار نەکراوە. هەروەها روونیکردووەتەوە، هەر پەرداخێک 170 ملیلیترە و 6 پەرداخ دەکاتە یەک لیتر.
سەبارەت بە توێژینەوەی دووەم، تایبەت بووە بە قەبارەی ئەو ژەمەخۆراکانەی دابەشکراون و بە 422,070,480 ژەم مەزەندە کراوە. ئەمەش لەسەر بنەمای پێویستیی زیارەتکار بە پێنج ژەمی سەرەکی لە رۆژێکدا بۆ ماوەی چوار رۆژی مانەوەی بووە.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ژمارەیە خواردنی سووک و میوە ناگرێتەوە، کە زۆرجار بڕەکەیان هێندەی ژەمە سەرەکییەکانە یان زیاتریشە.
بەگوێرەى ئاماری فەرمیی مەزارگەی عەباسییەی سەر بە دیوانى وەقفى شیعەى عێراق، ئەم ساڵ ژمارەى ئەو زیارەتکارانەى بۆ چلەى ئیمام حوسێن چوونە کەربەلا، 21 ملیۆن و 103 هەزار و 524 کەس بوو، لەکاتێکدا پار 21 ملیۆن و 480 هەزار و 525 کەس بوون، بەم شێوەیە ئەم ساڵ بەراورد بە پار، زیاتر لە 377 هەزار زیارەتکار کەمی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ