رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ بەردەوامە؛ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش دەڵێ، لە ساڵی داهاتوو فڕۆکەخانەکە دەکرێتەوە.
هیشام هاشمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی دووشەممە 16-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ بەردەوامە و سەرووی 50%ی کارەکانی تەواو بووە.
فڕۆکەخانەکە دەکەوێتە باشووری موسڵ و پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکە دوورە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا لە موسڵ لە ساڵانی 2014- 2017، 70%ـی ئەو فڕۆکەخانەیە وێرانبوو.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، مانگی شوبات، یان ئاداری ساڵی داهاتوو کارەکانی نۆژەنکردنەوەی موسڵ تەواو دەبێت، گەشتە ئاسمانییەکان لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەیەوە بۆ ناوخۆ و دەرەوە وڵات دەستپێدەکات.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی گوت، ساڵی داهاتوو بە فەرمی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ دەست پێبکەنەوە. سافی گوتیشی، "کۆمپانیای تورکی، فەرەنسی و ئیتاڵی لە فڕۆکەخانەکە کاردەکەن. رادارەکانی فڕۆکەخانەکە لە فەرەنسا و ئیتاڵیاوە دابینکراون و کاری زۆر کراوە".
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بنیاتنانی کرا و رووبەرەکەى 1600 دۆنمە.
هێزەکانی ئەمریکا ساڵی 2003 فڕۆکەخانەی موسڵیان کردە بنکەیەکی سەربازی و لە ساڵی 2008 رادەستی حکومەتی عێراقییان کردەوە و هەمان ساڵ بەرووی گەشتیاراندا کرایەوە.
رۆژی 10ى ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتى عێراق بەردى بناخەى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەکەی دانا.
بودجەى پڕۆژەکە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ