رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پڕۆژەیاسایەک دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
بەگوێرەی خشتەی کارى کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق، بۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارى یاسای قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان، هەڵەی سەربازی و هێرشە تیرۆریستییەکان دەکرێت.
لە هەموارەکەدا ئەو کەسانە دیاریکراون کە قەرەبووەکە دەیانگرێتەوە و ناوی پێشمەرگە زیاد کراوە.
شوان کەلاری، جێگرى سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیانلێکەوتووانی سیاسیی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەموارە قەرەبووکردنەوەى ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە بەهۆی هێرشی تیرۆریستی و تەقینەوەی مین لەو شەڕانەدا برینداربوون."
خوێندنەوەی دووەمی هەموارى ئەو یاسایە قۆناخى بەر لە دەنگدانە لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
شوان کەلاری رایگەیاند: "دواى دەرچوواندنى یاساکە، رێنمایی بۆ دەردەکرێت و ئەو قەرەبووەی کە دەکرێنەوە دیاریکراو نییە و بەگوێرەی قەبارەی ئەو زیانانە دەبێت کە بەریان کەوتووە."
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شەڕی داعشدا 10 هەزار و 369 پێشمەرگە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ