بەڕێوەبەرى سۆمۆ: گرێبەستەکانى فرۆشتنی نەوتى هەرێمى کوردستانمان تەواو کردووە

16-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق ( سۆمۆ ) رایگەیاند: سەرجەم گرێبەست و پابەندبوونەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە تەواو کردووە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن و هەناردەکردنەوەى ئەو نەوتە شکۆمەندی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی هەناردە بۆ بازاڕی ئەورووپا دەگەڕێنێتەوە.
 
عەلى شەتڕى، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى سۆمۆ رایگەیاند: حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت پێویستیان بە تەواوکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجە هەیە و لەم بارەیەوە گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی باش، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەى نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بدات".
 
بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجەى گشتیی عێراق، بەشێوەیەکی کاتى بڕى 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ هەناردەکردن دیاری کراوە، تاوەکو کۆمپانیایەکى راوێژکارى تێچووى راستەقینەى نەوت بەگوێرەى هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاى سۆمۆ بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاندووە: "ئێستا نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵکو لە ناوخۆ بەکاردەهێنرێت و بەپێی یاسای بودجە کار دەکەین کە بڕە نەوتە زیادەکەى هەناردە بکرێت".
 
لە ساڵى 2023 ـوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەرێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە کە رۆژانە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل بوو.  
 
عەلى شەتڕى رایگەیاند: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان شکۆمەندیی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی هەناردەکردن بۆ بازاڕی ئەورووپا دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی لە سایەی قەیرانی رووسیا- ئەورووپا و نەمانى هەناردەى وزەى رووسیا، بەوپێیەى بە گوتەى ئەو "نەوتی عێراق هاوشێوەی کوالێتی نەوتی رووسیایە".
 
بەگوتەى بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى سۆمۆ، کۆمپانیاکەى هیچ بڕە نەوتێکی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمى کوردستان وەرنەگرتووە و پەیوەندیی گرێبەستیی لە نێوان وەزارەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانى نەوت دەمێنێتەوە".
 
مەرجێکی سەرەکیی بەغدا، بۆ بەردەوامیی ناردنی مووچە، رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کە بڕەکەی بە 230 هەزار بەرمیلە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عێراق بەدەست کەمترین ئاستی ئاوەوە دەناڵێنێت لە 80 ساڵی رابردوودا

داهاتی ئاو لە بابل 75% کەمبووەتەوە؛ "جووتیاران کۆچ دەکەن"

پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمئاوی بووەتەوە، بە جۆرێک داهاتی ئاو لە رووباری فوراتەوە بە رێژەی 75% دابەزیوە. ئەم دۆخە وای کردووە بەشێکی زۆری جووتیاران ناوچەکانیان جێبهێڵن