رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکایەتیی 37ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی وڵات تاوتوێ کرا و گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانە کرا کە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون و هاوکات هەندێک بڕیار دران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم بڕیارانەی خوارەوە لە چوارچێوەی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی پەسندکران:
یەکەم: پابەندکردنی وەزارەتەکان و لایەنە گرێنەدراوەکان بە وەزارەت و پارێزگاکان بەوەی کە هیچ مامەڵەیەکی دارایی، وەرگرتنی باج و کرێ و داهات پێچەوانەی رێکارە یاساییە دیاریکراوەکانەوە ئەنجام نەدەن.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیار و رێنماییە پێشووانەی کە پێچەوانەی ئەم بڕیارەن.
سێیەم: وەزیر، سەرۆکی دامەزراوە گرێنەدراوەکان بە وەزارەت، پارێزگار و بەرپرسانی یەکەکانی خەرجکردن، بەرپرسیارێتیی یاسایی و دارایی هەر مامەڵەیەک بە سامانی گشتییەوە پێچەوانەی رێکارە یاساییەکان لە ئەستۆدەگرن، بێ گوێدانە هۆکارەکانی خەرجکردن.
چوارەم: دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
- دواخستنی وەرگرتنەوەی قیستی ئەو سیستمانەی ئاودێری بە پرژاندن کە بە جووتیار و خاوەن کێڵگەکان (جگە لە هەرێمی کوردستان) فرۆشراون، ئەویش بۆ یەک ساڵ. بڕیارەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێش وەرزی کشتوکاڵیی (2024 – 2025) سیستمەکانیان وەرگرتووە.
- پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییەکی 932 دۆنمی لە قەزای موسڵی پارێزگای نەینەوا.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوژمەی ئەم پرۆژانەیشی زیاد کرد:
- دروستکردنی رێگەی دووسایدی باشووری رۆژهەڵاتی تکریت - دوور بە درێژایی رووباری دیجلە.
- دروستکردنی رێگەی پردی هەڵواسراوی سەرکردایەتیی هێزی دەریایی، دروستکردنی سێ پرد و کارەکانی رێڕەوی تایبەت بە باراناو و رووناککردنەوە خرایە سەر پڕۆژە سەرەکییەکەی دروستکردنی رێگەی بازنەیی پارێزگای بەسرە؛ هەروەها تێچووی گشتیی پڕۆژە سەرەکییەکە زیاد کرا و ناوەکەیشی هەموار کرایەوە بۆ (دروستکردنی رێگەی بازنەیی پارێزگای بەسرە، لەگەڵ دروستکردنی رێگای پردی هەڵواسراوی سەرکردایەتیی هێزی دەریایی، سێ پرد و ئەنجامدانی کارەکانی ئاوەڕۆی باراناو و رووناککردنەوە).
- دروستکردنی وێستگەی پاڵاوتن و پەرەپێدانی رووباری سوێر/ پارێزگای موسەننا و زیادکردنی تێچووی گشتیی پڕۆژە سەرەکییەکە.
- دانان و دابینکردنی پردێکی ئاسنی جێگیر لەسەر رووباری دیجلە هاوتەریب لەگەڵ پردە ئاسنە کۆنەکە لە شاری موسڵ.
- گۆڕینی هێڵەکانی گواستنەوەی ئاوی باران و ئاوی قورس لە شەقامە سەرەکییەکانی گەڕەکی حوسێن (سەید - 60 - هێڵی یەکەم) لەگەڵ دروستکردنی وێستگەیەکی بەرزکردنەوە بۆ ئاوی باران و کارە شارەوانی و کارەباییەکان / پارێزگای بەسرە).
- دانانی ستوونی رووناککەرەوەی رازاوە و قیرتاوکردنی ناوچەی مزلەم لە رومەیسە / پارێزگای موسەننا.
- دەرکردنی پارێزگای بەسرە لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران (107ـی ساڵی 2025) بە مەبەستی جێگیرکردنی پڕۆژەی (دابینکردن، دیزاینکردن، جێبەجێکردن و کارپێکردنی وێستگەکانی پاککردنەوە و شیرینکردنەوە لە (6) قەزا و ناحیەی پارێزگای بەسرە کە بریتین لە ئەبو فلوس، مەعقەل، سەیبە، مەدینە، ئیمام سادق، نەشووە و دەیر بە شێوازی دابینکردن، دیزاین، جێبەجێکردن، کارپێکردن و چاککردنەوەی وێستگەکانی شیرینکردنەوە و پاککردنەوە و (4) پێکهاتە بۆ کارە راوێژکارییەکان.
ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر هەموارکردنی بڕگەی (2)ـی راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی وزە (87ـی ساڵی 2025) دا، بە نوێکردنەوەی ئەو لێخۆشبوونەی درابووە کۆمپانیا نەوتییە گرێبەستکارەکان (کۆمپانیای گەڕان بەدوای نەوت، کۆمپانیای پڕۆژەکانی نەوت و کۆمپانیای گشتیی ئامێرە ئەندازیارییە قورسەکان) سەبارەت بە هەردوو شێوازی (یەک گرێبەست و گرێبەستی راستەوخۆ) بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوت بتوانن کارەکان ببەخشنە ئەو کۆمپانیایانەی دەکەونە چوارچێوەی پسپۆڕییەکانیانەوە، بە مەرجێک گرێبەستەکە لە تێچووە خەمڵێندراوەکان زیاتر نەبێ و لەلایەن کۆمپانیای گشتییەوە بە تەنیا جێبەجێ بکرێ، بەبێ هاوکاریی هاوبەشەکەی لە کەرتی تایبەت، بۆ ماوەی یەک ساڵ، کە لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە دەستپێدەکات.
تەرخانکردنی باڵەخانەیەکی میری لە بەغدا کە موڵکی وەزارەتی داراییە، بەشێوەی بەکرێدان بۆ ئەوەی بکرێتە بارەگای لقی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق.
پەسندکردنی راپۆرتی راسپاردە جێبەجێکارییەکانی لووتکەی بەغدا - 2025.
پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دارایی یان هەر کەسێک کە ئەو رایدەسپێرێت، بۆ دانوستاندن و واژۆکردنی سەرەتایی یان کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی دوورکەوتنەوە لە دووبارە باجسەندن و رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باجی داهات و سەرمایە لەنێوان عێراق و حکومەتی شانشینی یەکگرتوو و ئێرلەندای باکوور.
پڕۆژەیاسای پەسندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی سەنتەری کاری رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی پەسندکرا، کە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە وردبینی بۆ کراوە و رەوانەی پەرلەمان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ