جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: تەنیا 50 پەرلەمانتار لە هۆڵەکەن، کەچی 130 پەرلەمانتار واژۆیان کردووە

16-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک، پەرلەمانی عێراق بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە کۆنەبووەوە. جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، 130 پەرلەمانتار واژۆی ئامادەبوونیان کردووە، بەڵام تەنیا 50ـیان لە هۆڵی دانیشتنەکەدا ئامادەن.
 
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 16-09-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بەڕێوەنەچوو.
 
بڕیاربوو دانیشتنەکە کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆ دەستپێبکات، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تاوەکو نزیک کاژێر سێ چاوەڕێی تەواوبوونی رێژەی یاسایی کرد.
 
پێش هەڵگرتنی دانیشتنەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئێستا کاژێر سێیە و تەنیا 50 پەرلەمانتار لە دانیشتنەکەدا ئامادەن، لە کاتێکدا 130 پەرلەمانتار واژۆی ئامادەبوونیان کردووە. گونجاو نییە ئێمە وەک دەستەی سەرۆکایەتی ئامادە بین، بەڵام پەرلەمانتاران ئامادە نەبن."
 
بەگوێرەی بەرنامەی کار، بڕیارە سبەی چوارشەممە پەرلەمان کۆببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە