رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیێنێت، بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان جێگیرە و هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، رۆژی دووشەممە، (16-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بابەتی دەرمان لە رێگەی کیمادیا (كۆمپانیای گشتی بە بازاڕکردنی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی) دابین دەکرێت، ئەم بابەتە کۆتایی هاتووە و بەشەکە جێگیر و چەسپاوە، بەپێی رێژەی چڕی ژمارەی دانیشتووان دەرمان بەسەر سەرجەم پارێزگاکان دابەش دەکرێت."
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، گوتی، "وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی ئەنبار، بەسرە، میسان دەکەین، بەهەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکانی هەرێم دەکەین. بەشە دەرمان بەپێی چڕی ژمارەی دانیشتووانە. دەرمان لە ناوەندەوە دابین دەکرێت لە رێگەی کیمادیا. هەندێک دەرمان ناوخۆیی بۆ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و فەرمانگە تەندروستییەکانی هەرێم دابین دەکرێت."
سەیف بەدر، جەختیکردەوە، "پەیوەندی و سەردانەکانی دوولایەنە لەلایەن فەرمانگەی تەندروستیی گشتی و فەرمانگەی پشکنین و فەرمانگەکانی دیکە بەردەوامە، هەموو ئەم هەوڵانەش لە چوارچێوەی هەوڵی هاوئاهەنگییە لەنێوان پارێزگاکان و هاوئاهەنگی نێوان ناوەند و هەرێم دان."
رۆژی شەممە، 29ـی تەمموزی 2023، لە بووڵتەنی تەندروستی تۆڕی میدیایی رووداو، د. ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق گوتی،" 25٪ بۆ 30٪ـی دەرمانە هاوردەکراوەکانی عێراق قاچاخن."
رۆژی 10-09-2023، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، رایگەیاند، ئەو دەرمانانەی هاوردەی دەکەن، بەپێی رێژەی دانیشتووان و پێویستی، بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکاندا دابەشی دەکەن. لە بودجەی ئەم ساڵدا یەک تریلیۆن و 651 ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخانکراوە، کە 216 ملیار دیناری پشکی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ