رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا سەرجەم کارگە بێ مۆڵەتەکانی خشت لە بەغدا دابخرێن.
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 16-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا سەرجەم ئەو کارگانەی خشت لە بەغدا دابخرێن کە بێ مۆڵەتن، لەگەڵ قەدەخەکردنی سووتاندنی خۆڵ و خاشاک.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، وەزیر هێزە ئەمنییەکانی بۆ ئەو کارە راسپاردووە.
میقداد میری گوتی، کارەکان بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی ژینگە دەکرێن.
ئەو بڕیارەی وەزیری ناوخۆی عێراق دوای ئەوە هات کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممەدا لەبارەی پیسبوونی ژینگەی بەغدا رەزامەندیی لەسەر ئەم خاڵانە دەربڕی:
یەکەم: دەبێت وەزارەتی ژینگە ئەم رێوشوێنانەی خوارەوە بگرێتەبەر:
- دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی نوێ بۆ ئەوەی داتای پێویستی لەبەردەست بێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی پیسبوونی ژینگە نەهێڵێت.
- وەستاندنی ئەو چالاکییانەی کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، لەوانەش بەکارهێنانی فلتەر بۆ ئەوەی دەردانی گازی زیانبەخش کەم بکرێتەوە.
- دانانی پرۆگرامێکی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی کواڵیتی هەوا و گازەدەردراوەکان لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە؛ هەروەها دەستنیشانکردنی پێداویستی و رێکارەکانی باشکردنی کواڵیتیی هەوا.
دووەم: پێویستە وەزارەتی نێوخۆ ئەم رێکارە پێویستانە دەگرێتەبەر:
- چالاککردنی ئەرک و رۆڵی پۆلیسی ژینگە بۆ نەهێشتنی پاشماوە ژینگەییەکان و رێگری لەو کارانەی ژینگە پیس دەکەن، هەروەها گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران.
- کۆتاییهێنان بە سووتاندنی پاشماوە و زبڵ، کوژاندنەوەی ئاگرەکان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ژینگە و ئەنجامدانی هەڵمەتی ئەمنی کە ئامانج لێی چاودێریکردنی هەر شێوەیەکی پیسبوون دەبێت.
- چالاککردنی هەوڵە هەواڵگرییەکانی بەشی لێکۆڵینەوەی ژینگە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلکارییانە بکات لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی ژینگەوە تۆمار دەکرێن.
چەند رۆژێکە بۆنێکی ناخۆش لە بەغدای پایتەختی عێراق بڵاوبووەتەوە. بەگوێرەی پێگەیەکی جیهانی، پیسیی هەوای بەغدا 15 هێندە لە رێژەی ستانداردی جیهانی زیاترە. ژینگە و کەشناسیی عێراق، بەکارهێنانی سووتەمەنی خراپ لە پاڵاگە و کارگەکان بە هۆکاری سەرەکی پیسبوونەکە دەزانن.
ئەو ئامارە بەگوێرەی پێگەی ئای کیو ئێیەری سویسرییە کە تایبەتە بە چاودێریی کواڵیتی هەوای جیهان.
بەگوێرەی هەمان پێگە، هەواکە ناتەندروستە، کاریگەری لەسەر تەندروستیی خەڵک بەگشتی هەیە؛ پێشنیازی کردووە خەڵک ماسک بەکاربهێنێت و ئەگەر پێویست نەبێ نەچنە دەرەوە.
بەپێی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێویستە رێژەی تەنۆلکە پیسەکان لە نێو هەوادا، زیاتر نەبێت لە پێنج مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا، بەڵام رێژەکە لە بەغدا گەیشتووەتە 74 مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ