هاوپەیمانی تەقەدووم گردبوونەوە جەماوەرییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی راگرت

16-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتیی تەقەدووم، بڕیاریدا بۆ سێ رۆژ گردبوونەوە جەماوەرییەکانی پارتەکەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن رابگرێت.
 
ئەم بڕیارەی سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم وەکو کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی سەفا مەشهەدانی، بەربژێری ژمارە 26ـی لیستی هاوپەیمانیی سەروەری بوو لە بەغدا، مەشهەدانی بەرەبەیانی چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەی لە ناوچەی تاڕمیەی باکووری بەغدا گیانی لەدەستدا و چوار پاسەوانیشی بریندار بوون.
 
محەممەد حەلبووسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوومی سوننەکان، ئێوارەی چوارشەممە 15-10-2025 لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە ناوچەی لەتیفییەی باشووری بەغدا رایگەیاند:"سەفا مەشهەدانی ستەمی لێکرا و کوژرا و ئەمە پەلاماردانێکە بۆ سەر قەدەخەکراوەکانی ئەم کۆمەڵگەیە." 
 
ئەو جەختی لەوە کردەوە کە دوای رووداوەکە، سەرکردایەتیی تەقەدووم بڕیاریداوە بۆ ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ گردبوونەوە ناوەندییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی رابگرێت.
 
سەرۆکی تەقەدووم ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو ستەمکارەی دەستی چووە خوێنی سەفا مەشهەدانی، هەمان دەستەیە خوێنی قاسم سوێدانی رژاند."
 
 شێخ قاسم سوێدان، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سوننە، لە 13ـی شوباتی 2015 لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا رفێنرا و دواتر تەرمەکەی لە ژێر یەکێک لە پردەکانی باکووری بەغدا دۆزرایەوە، حەلبووسی گوتیشی، شەش کەس لە مام و کەسوکارەکەی سوێدانیش کوژراون "بۆ ئەوەی سەقامگیریی ناوچەکەیان بپارێزن و قسەی حەق بکەن، بۆیە هەمان دەستە دووبارە دەبنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە