ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: 135 کەس کە چالاکییان بۆ بەعس دەکرد، دەستگیر کران

16-10-2025
گەشاو خالید
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا 135 کەسی بە تۆمەتی ئەندامبوون یان پروپاگەندەکردن بۆ حزبی بەعسی دەستگیر کرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە،16ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، 135 تۆمەتبار بە ئەندامبوون یان پڕوپاگەندەکردن بۆ حزبی بەعسی دەستگیرکراون."
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت "ئەم ئۆپەراسیۆنە کە بە بڕیاری دادوەر و لە 14 پارێزگای عێراق جێبەجێ کراوە، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد و دانپێدانانی پێشوەختەی سەرکردەکانی پێشووی رژێمی بەعس ئەنجامدراوە."
 
گوتەبێژەکەی ئاسایشی نیشتمانی دەشڵێت "ئامانجی ئەم تۆڕانە هەوڵدان بووە بۆ راکێشانی گەنجان و دروستکردنی گرووپ و ماڵپەڕی نهێنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەوڵیان داوە بۆنە و کۆبوونەوەکان بقۆزنەوە و وێنەگرتنی تایبەت ئەنجام بدەن بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە چاودێری و ئاشکرا کراون."
 
ئەرشەد حاکم دووپاتی کردەوەو گوتی "ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە بۆ بەدواداچوونی هەموو ئەو کەسانەی لەم بابەتەدا دەستیان هەیە، بەشێک لەو کەسانە لە دەرەوەی عێراقەوە لەلایەن کەسانی داواکراو و هەڵاتوو بەڕێوەدەبرێن، زۆربەی چالاکییەکانیان لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووە، چ بۆ دامەزراندن بێت یان پڕوپاگەندەکردن."
 
بەگوتەی گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق "حزبی بەعسی قەدەغەکراو هەوڵی داوە ناونیشان و دەستەواژەی نوێ بەکاربهێنێت، وەک (بەرەی رزگاری)، (ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ ئۆپۆزسیۆن)، (کەتیبە نەبوخودنەسر) و چەندین ناونیشانی دیکە بۆ هەوڵدان بۆ دەرکەوتن لە گۆڕەپانەکەدا، ئەم ناونیشانانە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە چاودێری دەکرێن.".
 
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی داوای لە هاووڵاتیان کرد "هەر زانیاری یان حاڵەتێکی گوماناوییان تێبینی کرد" پەیوەندی بە هێڵی گەرمی خۆڕایی131 یان پەرەی فەرمی دەزگاکە بکەن و دڵنیایی دا" هەموو زانیارییەکان بە نهێنی تەواوەتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
 
بەپێی ماددەی 7 ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، قەدەغەی هەر قەوارە و رەوتێک دەکرێت، کە بانگەشە بۆ رەگەزپەرستی، تیرۆر، تەکفیر و پاکتاوی تایەفەگەری یان هانی دەدات و پاساوی بۆ دەهێنێتەوە، بە تایبەتیش، حزبی بەعسی، لەژێر هەر ناوێکدا بن و نابێت ئەم لایەنانە ببنە بەشێک لە سیستەمی فرەیی سیاسی لە عێراقدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرکردەکانی سوننە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی

لایەنە سوننەکان لەسەر دیدگەیان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتن

عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پەڕەیە تایبەتە بە پشک و ماف و دیدگەی سوننە لە حکومەتی داهاتووی عێراق. ئەو پەڕەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێ دەکرێت."