رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی بارانبارینەوە دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی شەش پارێزگا لە عێراق کراوەتە پشوو.
ئەو پارێزگایانە بریتین لە نەجەف، زیقار، سەلاحەددین، میسان، موسەننا و دیوانیە.
پارێزگاکان بڕیاریانداوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، دەوامی فەرمی قوتابخانە، پەیمانگە و زانکۆکان پشوو بێت بەهۆی بارانی بەلێزمە و ناجێگیریی کەشوهەواوە. ئەمە جگە لەوانەی تاقیکردنەوەی خولی سێیەمان هەیە لەگەڵ فەرمانگەکانی خزمەتگوزاری، ئەمنی و تەندروستی.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی لە دەریای سوور رووی لە عێراق کردووە، لە سێشەممەوە کەشوهەوای عێراق ناسەقامگیر دەبێت، دۆخەکە بەو شێوەیە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بارستە هەوایەک، کە سەرچاوەکەی تورکیایە، بەو هۆیەوە پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە و بارانبارین ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ